زیاتر لە دوو مانگە خنکاون و ئەمڕۆ تەرمەکانیان دەهێندرێنەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
ئەمڕۆ تەرمی دوو کۆچبەر کە لە رێگهی چوونیان بۆ ئەوروپا لە کەناراوەکانی یۆنان خنکاون، دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان بەخاک دەسپێردرێن.
دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردەوە، بڕیارە تەرمەکان ئەمڕۆ کاتژمێر 5:00ی ئێوارە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بهێنرێنەوە.
ئەو دوو کەسە لەئەنجامی ژێرئاوکەوتنی یەختێک کە لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو، لە 1ی تشرینی دووەمی 2022 لە کەناراوەکانی ئیفای وڵاتی یۆنان، لەگەڵ 56 کۆچبەری دیکە خنکان.
یەکێک لە کۆچبەرە کوردەکان ناوی زانا قادرە و تەمەنی 41 ساڵە، خەڵکی ناحیەی پیرەمەگروونە، ئەوی تریان ناوی زریان محەمەدە و تەمەنی 30 ساڵە و دانیشتووی قەڵادزێیە.
رۆژی هەینی، 13ی کانونی دووەم، حوسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە لە وڵاتی یۆنان بە 964+ی راگەیاند، جگە لەو دوو کۆچبەرە، شەش کۆچبەری دیکەی کورد لەناو یەختەکە بوون، دووانیان رزگار کراون و دووانیشان بێسەروشوێنن.
بە پێی ئاماری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لە ساڵی 2022دا، 17 کەس لە رێگەی کۆچ بۆ هەندەران گیانیان لەدەستداوە، حەوت کەسیش بێسەروشوێن بوون.