دابەشکاریان بۆ کرا
کێشەی نێوان شۆفێرانی باشماخ و سەیرانبەن چارەسەر کرا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوای نزیکەی مانگێک لە بەردەوامی کێشەی نێوان شۆفێرانی بارهەڵگری باشماخ و سەیرانبەن تواندرا کێشەکە چارەسەر بکرێت و هەردوولا گەیشتنە رێکەوتن.
رێککەوتنەکە بەجۆرێکە 69 بارهەڵگری باشماخ دەتوانن بار هەڵبگرن و 20 بارهەڵگریش بۆ سەیرانبەن.
ئومێد عەلی ئەنجومەنی شۆفێرانی سەیرانبەن بە 964ی راگەیاند، “دوای کۆبوونەوەمان لە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و شۆفێرانی بارهەڵگرانی باشماخ کێشەکە دراوەتە دەست وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن تاوەکو چارەسەر بکرێت.
باسی لەوەشکرد، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەسەر رێژەی بارهەڵگرانی هەردوو مەرزی سەیرانبەن و باشماخ ئۆتۆمبێلەکانی دابەشکردووە و بەوەش 20 بارهەڵگر بەر مەرزی سەیرانبەن کەوتووە و 69 بارهەڵگریش دراوەتەوە بە باشماخ.
وتیشی، ئێستا هیچ کێشەیەک لە نێوان شۆفێرانی باشماخ و سەیرانبەندا نەماوە و شۆفێران کاری خۆیان دەکەن.
یەکێک لە ئەنجومەنی شۆفێرانی بارهەڵگرانی مەرزی باشماخ بە 964ی راگەیاند، ئێستا بەشێك لە عەلوەکان سەرقاڵی کڕینی بارهەڵگرن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ مەرزی باشماخ و دەستبکەن بە هێنانی باری تایبەت بە عەلوەکان و هیچ کێشەیەک لە نێوان مەرزی سەیرانبەن و باشماخدا نەماوە.
باسی لەوەشکرد، چارەسەری کێشەکە لەسەر بنەمای ژمارەی بارهەڵگرەکان بووە لە هەردوو مەرزەکە و لە مەرزی باشماخدا 600 بارهەڵگری تاک هەیە و لە مەرزی سەیرانبەنیش 130 بارهەلگری تاک هەیە، لەبەرئەوە باشماخ رێژەی زیاتری بەردەکەوێت.
مانگێک لەمەوبەر، شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن گردبوونەوەی ناڕەزاییان لە دەروازەی پێنجوێن ئەنجامدا دژی گواستنەوەی بارهەڵگرانی عەلوە لە سەیرانبەنەوە بۆ باشماخ و دوای نزیکەی 15 رۆژ لە گرژی کەوتە نێوان شۆفێرانی هەردوو مەرزو بەهۆیەوە رۆژی 14.3.2024 بۆ ماوەی نۆ کاتژمێر رێگای پێنجوێن – سلێمانی بەتەواوی داخرا.
دوای چوار رۆژ لە گرژی نێوان شۆفێران، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاتە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دوای یەک مانگ تواندرا کێشەکە چارەسەر بکرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی