ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی ئەو دۆسیەیە

ئایا دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر داخستنی کەمپی ئاوارەکان دەدات؟

964+

فەهمی نەبی

ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە و دوانیان پەیوەندییان هەیە بە هەرێمی کوردستانەوە، یەکێک لە دۆسییەکان پابەندکردنی هەرێمە بە داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە مانگی حوزەیراندا، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک دەڵێت “باوەڕناکەم لەو کاتەی دیاریکراوە کەمپەکان دابخرێن”.

سکاڵاکە لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێم لەلایەن ئیڤان فایەق جابرو وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق تۆماکراوە و ئەمڕۆ یەکشەممە یەکەم دانیشتنی دادگا بەڕێوەدەچێت.

سکاڵاکە سێ خاڵی تێدایە، یەکەم بەردەوامیدانە بە یارمەتیدانی هاوکاریکردنی ئاوارەکان، دووەم پانەندکردنی هەرێمە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان تا 30.6.2024 وەک دوا وادە، سێیەم دروستکردنی لیژنەیەکە لە وەزارەتی کۆچ و نوێنەری تەندروستی و پەروەردە و هاوکات نوێنەری هەرێمی کوردستان.

پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە 964ـی وت، “هیچ بڕیارێک لەلایەن حکومەتی عێراقی بۆ ئێمە نەهاتووە، خەڵکی ئاوارە بەو بڕیارە ناڕازین چونکە ئەوە 10 ساڵە ئەوان لێرەن و هیچ هاوکارییەک لەلایەن حکومەتی عێراقی نەکراون”.

وتیشی، گەڕانەوەیان ئارەزوومەندانەیە و ئێمە زۆری لەکەس ناکەین، بەڵام باوەڕ ناکەین ئەو وادەیەی وەزارەتی کۆچ دایناوە کەمپەکان دابخرێن.

زانیاری لەبارەی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ

بەگوێرەی ئەو زانیاریەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە 964ی داوە لەسنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ 15 کەمپی ئاوارە هەن، لەو ژمارەیە 25 هەزار و 600 خیزان لەناو کەمپەکان دەژین، 37 هەزار و 600 خێزان لەدەرەوەی کەمپەکان دەژین، تێکڕایان 337 هەزار کەس دەبێت.

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە هەر خێزانێکی ئاوارەی نیشتەجێی ناو کەمپەکان بگەڕێتەوە بڕی چوار ملیۆن دیناری پێ دەدرێت.

بەغدا چەند بڕیارێکی بۆ ئاوارەکانی کەمپەکانی هەرێم دەر...

بەغدا چەند بڕیارێکی بۆ ئاوارەکانی کەمپەکانی هەرێم دەرکرد

دادگای فیدڕاڵی سێ سکاڵای دیکە تاوتوێ دەکات

یەکێکی دیکە لەسکاڵاکان لەلایەن نەهرۆ قادر، ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە لەبارەی جیاوازی نرخی ئەو نەوتەیە کە حکومەتی عێراق بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی دابینکردبوو.

پێشوتر ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران بە 964ی وتبوو، سکاڵاکە لەسەر هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى نەوتى عێراق و ئەمیندارى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق تۆمارکراوە، لە سکاڵاکەدا تانەم لە بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیران داوە کە جیاوازیکراوە لە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى سپى لە پارێزگاکانى عێراق بەراوورد بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان.

لە هەرێمی کوردستان نەوتی حکومەتی عێراق کە 200 لیتر بوو بە 54 هەزار دینار دابەشکرا، لە کاتێکدا لە شارەکانی عێراق هەمان بڕ بە 30 هەزار دینار دابەشکرابوو.

دوو دۆسیەکەی تر پەیوەندی هەیە بە زەوی کشتوکاڵ و هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیار و یاسانەی پەیوەندییان بە تاپۆکردنی زەوی کشتوکاڵی هەیە.

حکومەتی عێراق رێکاری نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەگ...

حکومەتی عێراق رێکاری نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەگرێتەبەر

کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: داوامان نەکردووە کەمپی ئاوارەکان...

کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: داوامان نەکردووە کەمپی ئاوارەکان دابخرێت