وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاریداوە
هاتنی کرێکار لە سوریاوە بۆ ناوخۆی هەرێم راگیرا
964+
بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر رایگەیاند، لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە بڕیار دەرچووە، لەمەوبەدوا پێدانی ڤیزا بە هاتنەناوەوەی کەسانی سینگڵی هەڵگری رەگەزنامەی سوری راگیراوە، ئەمەش بۆ رەخساندنی هەلیکارە بۆ هاوڵاتییانی ناوخۆیی.
شێخ کامل محەمەد بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر بە 964ی وت، “وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم پێدانی ڤیزای بە کەسانی هەڵگری رەگەزنامەی سوری راگرتووە، بەڕێوەبەرایەتی نشینگەش پابەندە بەوەی چیتر مافی مانەوە نەدات بەو کەسە سینگڵانەی کە سورین و بۆ کرێکاری دێنە هەرێم”.
بڕیارەکە بەجۆرێکە پێدانی ڤیزا بۆ هەموو تەمەنەکانە تەنانەت ئەوانەش دەگرێتەوە کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 40 ساڵیدایە، شێخ کامل محەمەد وای وت.
ئەوەشی وت، هەموو ئەوانەی مافی مانەوەیان نەماوە بۆیان نوێ ناکرێتەوە، لەیەک حاڵەت دەکرێت، ئەو کۆمپانیایەی داوای مانەوەی ئەو کرێکارە دەکات پێویستە بەڵگە و پاساو بداتە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم.
بڕیارەکە ئەو خێزانانە ناگرێتەوە کە دەیانەوێت لە سوریاوە بێنە ناو هەرێم، مافی مانەوەی شەش مانگ یان ساڵێکیان پێدەدرێت.