نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: شوێنمان نەماوە بۆ منداڵانی نەبەکام  

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەگەڵ ئەوەی گەورەترین بەشی تایبەت بە منداڵانی نەبەکامی هەیە، شوێن نەماوە بۆ خەواندنی منداڵی زیاتر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، داوای فراوانبوونی بەشەکە و دابینکردنی فەرمانبەرو پزیشکی زیاتر دەکات.

نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید، کە گەورەترین نەخۆشخانەی منداڵانە لە شاری سلێمانی و ساڵی 2021 بەشی نەبەکامی نۆژەنکراوەتەوەو توانای خەواندنی 40 منداڵی نەبەکامی لێدەبێتەوە، بەڵام بەهۆی زۆربوونی منداڵی نەبەکام، شوێن نەماوە وەریانبگرێت.

منداڵی نەبەکام بەوانە دەوترێت کە پێش وادەی لەدایکبوونی سروشتی کە نۆ مانگە لەدایک دەبن، ئەمانەش هەمیشە پێویستیان بەوە هەیە لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕ بن.

964+ لە زاری دکتۆر پشدەر عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەوە دەزانێت، بەهۆی زۆربوونی منداڵبوون لە ڕێگەی بلووری منداڵی نەبەکام زۆر بووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید دەڵێت: هەرچەندە گەورەترین بەشمان هەیە، بەڵام بە بەردەوامی پڕە لە منداڵ، بۆیە داوای فراوانکردنی و پڕکردنەوەی بۆشایی پزیشک و فەرمانبەرمان کردووە بۆ بەشەکە.

“هۆکاری دیکەی ئەو زیادبوونەی منداڵی بلووریش ئەوەیە، لە تەمەنی کەمی دایک منداڵ دروست دەکرێت یان تەمەنی زۆر، لەگەڵ زۆربوونی قەلەقی”. د.پشدەر وای وت.

ئاشکراشیکرد، تەنها لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 زیاتر لە 600 منداڵی نەبەکام لە سلێمانی لەدایکبوون.