ئاوی کۆگاکراویان پێدراوە
لێڵ بوونی زێی بچوک پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێی وەستاند
964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ
بارانەکەی چەند رۆژی رابردوو ئاوی زێێ بچوکی بەتەواوی لێڵ کردووە و بەو هۆیەوە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ وەستا لە پاڵاوتنی ئاو.
مارف مەحمود بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ بە 964ـی وت، ئەمڕۆ رێژەی NTU واتا رێژەی لێڵی ئاوی زێی بچوک 600 بوو تادێ بەرەو زیاتریش بەرزدەبێتەوە، بۆیە بڕیارماندا پڕۆژەکە بوەستێنین و ئاو دابەش نەکەین و پڕۆژەکە وەستاوە.
ئەوەشی وت، ئەگەر تا دوو رۆژی دیکە باران نەبارێت ئینجا لێڵ بوونی ئاوەکە دادەبەزێت و دەتوانن پڕۆژەکە کار پێبکەنەوە.
نیوەی دانیشتوانی قەڵادزێ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەرێگەی ئاوی کۆگاکراوەوە ئاویان بۆ دابین کراوە، نیوەکەی تریش بەیانی ئاویان پێدەدەین، ئەمەش بەپێی وتەی مارف مەحمود.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: رێژەی لێڵی ئاوەکە سەرووی 500-یش بێت دەتوانین لەحاڵەتی زۆر پێویستی کاری پێبکەین، بەڵام تێچووی زۆری دەوێت بۆ خاوێنبوونەوەی ئاوەکە، لەوانەیە ستانداردی ئاوەکە وەک پێویست نەبێت، بۆیە نامانەوێت ئەوە بکەین.
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ %95ی ئاوی خواردنەوەی شارەکە دابین دەکات و پڕۆژەکە توانای خەزنکردنی 20 ملیۆن لیتر ئاوی هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی