ئاوى باران کۆگا کراوە
پارێزگای هەولێر دەڵێت “رێگریمان لەدروستبوونی لافاو کردووە”
964+
وریا فەتاح
پارێزگاى هەولێر رایگەیاندووە، بە کۆمەڵێک رێکار توانیویانە کاریگەری لافاو لەشاری هەولێر کەمبکەنەوە، یەکێک لەو رێکارانەش کۆگاکردنی بارانی بەلێزمە بووە.
بەپێى راگەیەنراوێکى پارێزگاى هەولێر، تایبەت بە کەمکردنەوەى مەترسییەکانى لافاو تێیدا هاتووە، پلانێکی ستراتیژی داڕێژرا، کە بریتی بوو لە بڕی ئەوەی “بارانی بەلێزمە لافاو درووست بکات و زەری گیانی و ماڵی لێبکەوێتەوە، ئاوی بارانەکە کۆگا بکرێت و سودی لێوەربگیرێت بۆ پاراوکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی و باشتر بوونی ژینگە” واتە بارانی بەلێزمە لە لافاو بۆ کۆگا کردن .
پلانەکە دواى رووداوەکەى لافاوى ساڵى 2021 داڕێژرا ئەو کاتە زیانێکی زۆری لەهاوڵاتیاندا، دوای ئەوە چەند لیژنەیەک پێکهاتن و کۆنفرانسێک ئەنجامدرا و کۆنفرانسەکە گەیشت بە چەند راسپاردە و پێشنیارێک ئەمانە بوون:
یەکەم: دیاریکردنی ئەرکەکانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەکاتی روودانی لافاو بەمەبەستی رزگار کردنی هاولاتییان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان.
دووەم: دانانی پلانی کورتخایەن کە بریتی بوون لەخاوێنکردنەوە و فراوانکردن و رێکخستن سەرجەم رێروە سروشتیرەکانی ئاوی باران و رووبارە وەرزیەکان و لادانی زێدەڕویەکانی سەر رێوەوە سروشتیرەکان، هەروەها درووستکردنی چەندین ئاوەڕۆی لوولەیی سندوقی.
سێیەم: داڕشتنی پلانی دڕێژ خایەن، کە ئەوەش بریتییە لە گۆڕینى ئاوى بەلێزمەى باران لە لافاوەوە بۆ کۆگاکردن، 20 پۆند بۆ کۆگاکردنەکە لە ژێر جێبەجێکردندان، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کارەکانیان بە سستی دەروات و 14 پۆندیش لە قۆناغی ئامادەکردنی تەندەردان.