وەبەرهێنان هۆشداری دەداتە بان سیتی

“لە ماوەی 15 رۆژدا کێشەکانتان چارەسەر بکەن”

964+

پێشەوا محەمەد

وەبەرهێنانی گەرمیان لە نووسراوێکدا پڕۆژەی “بان سیتی” لە شاری کەلار ئاگادار دەکاتەوە، لە ماوەی 15 رۆژدا کێشەکانیان لەگەڵ کڕیارەکانیان چارەسەر بکەن، “ئەگەرنا سزای تووند دەدرێن”.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە نزیکەی 60 بەشداربووی پڕۆژەی بان سیتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن، پڕۆژەکە داوای سەرجەم قیستەکانیان بەسەرەیەکەوە لێ دەکاتەوە و بەشێک لە خانووەکانی ئەوانیشی بە کەسانی تر فرۆشتووەتەوە.

وەبەرهێنانی گەرمیان لە نووسراوەکەدا کە بەرواری 19.3.2024ـی بەسەرەوەیە و ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، داواکردنی قیستی درێژخایەن لە لایەن کۆمپانیاوە بە یەکجار و پێکەوە لە کڕیار و  وەرگرتنەوەی یەکە لە بەشداربووان بەبێ هۆکاری یاسایی و ئاگادارکردنەوە و رەچاوکردنی ماوەی یاسایی، پێچەوانەی یاسا و گرێبەستەکانە.

لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “ناچارکردنی بەشداربووان بە پێدانی بڕی پارەی یەکەکان بە یەک جار پێچەوانەی گرێبەست و رێنماییەکانی دەستەی وەبەرهێنانە”.

بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆمپانیاکە ئاگادار دەکاتەوە، کە پێویستە پابەند بن بە ناوەڕۆکی نووسراوەکانی پێشووی وەبەرهێنانی گەرمیانەوە بۆ رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیان.

964 چەند جارێک هەوڵی وەرگرتنی رای کۆمپانیای بامۆکی دا، کە جێبەجێکاری پڕۆژەی بان سیتییە، بەڵام ئامادەی قسەکردن نەبوون.

پێشتر کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردبوو، “هەرکەسێک بەو مامەڵەیەی پڕۆژەی بان سیتی ناڕازییە دەتوانێت رێگای دادگا بگرێت و سکاڵا تۆمار بکات”.

بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی گەرمیان هۆشداری دەداتە کۆ...

بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی گەرمیان هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکان