باران بەڕێوەیە
ئەو شوێنانەى هەولێر کوێن مەترسى لافاویان لەسەرە؟
964+
وریا فەتاح
بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى، لە سبەینێ دوانیوەڕۆوە بارانى بەلێزمە دەستپێدەکات، بەرگرى شارستانى هەولێر ئامادەیە و چەند شوێنێکى هەولێریش خاڵى لاوازن بۆ دروستبوونى لافاو و کۆبوونەوەى ئاو.
کاروان میراودەلى، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر بە 964ـى وت،”هەموو ئامادەکارییەکمان گرتووەتەبەر و تیمەکانمان بەپێى ناوچەکان دابەشکردووە و لە هەر شوێنێک لافاو یان کۆبوونەوەى ئاو رووبدات، تیمەکانمان بۆی ئامادەن”.
لاى خۆیەوە، ژیار جەلال، بەڕێوەبەرى خزمەتگوزاری ژینگەپارێزى هەولێر بە 964ـى وت،”وەک ئامادەکارییەک هەموو ئەو شوێنانەى مەترسى کۆبوونەوە ئاویان تێدا دەکرێت پاککراونەتەوە”.
“لە هەولێر چەند شوێنێک بە خاڵى لاواز دانراون کە مەترسى دروستبوونى لافاو یان پەنخواردنەوەى ئاویان لێدەکرێت کە بریتین لە (ژێر پردى سەیداوە، 100 مەترى لاى فاملى مۆڵ، ژێر بەرزەپردى ئەکرەم مەنتک، گەڕەکى توڕەق و پشت گەڕەکى گڵکەند)، ژیار جەلال، واى وت.