پەیوەندیی بە کرێوە هەیە
کۆمەڵەی کرێنشینان داوایەک لە حکومەت و هاوڵاتیان دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان داوا دەکات حکومەت لە باجی ساڵێکی ئەو خانووانە خۆش بێت کە بەکرێ دراون، ئامانجیش وەرنەگرتنی کرێی مانگی رەمەزانە لە لایەن خاوەنەکانیانەوەیە لە کرێچییەکان.
بەرهەم قەرەداغی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، ئەوان بە خاوەن خانووە کرێکانیان وتووە مانگی رەمەزان کرێ وەرنەگرن و وەک دەشڵێت، بەدەنگەوەهاتنی باشی هەبووە.
بەپێی یاسا هەر کەسێک موڵکێک بەکرێ دەدات، ساڵانە کرێی یەک مانگی شوێنەکەی، جا بە هەرچەندێک بەکرێی دابێت وەک باج دەبێت بیداتە حکومەت.
بەرهەم قەرەداغی وتیشی، “ئێمە داوامان لە حکومەت کردووە لە باجی مانگێکی ئەو خانووانە خۆش بێت، کە بەکرێ دراون، ئەگەر ئەوە بکرێت ئەوکاتە خاوەن خانووەکانیش ئامادەن مانگێک کرێ وەرنەگرن، یان حکومەت دەتوانێت بیکاتە مەرج کە باجی ساڵێک وەرناگرێت و دەبێت کرێچییەکە مانگێک کرێ نەدات”.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، لە هەرێمی کوردستان 150 هەزار خێزان کرێنشینن.
سەرۆکی کۆمەڵەکە پێشیوایە، بەهۆی دواکەوتنی موچە و خراپیی بازاڕ حکومەت دەتوانێت بڕیارێکی وا جێبەجێ بکات و خاوەن خانووەکانیش لە کرێی مانگی رەمەزان خۆش ببن.