شۆفێرێک گیانی لەدەستدا و هاوسەرەکەشی بە سەختی بریندار بوو
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – دێسکی کوردی
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی کانوونی دووەم، رووداوێکی هاتوچۆ لە هەولێر روویدا و بەوهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
هاتوچۆی هەولێر لە پەیجی خۆیان لە فەیسبوک رایگەیاند، رووداوەکە کاتژمێر 1:20 خولەکی پاش نیوەڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکی هەولێر-پیرمام لە نزیک مەلەوانگەی تارین روویداوە.
پێکدادانەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر و ئۆتۆمبێلێکی سانگ یۆن روویداوە و لاندکروزەرەکە چووەتە سایدی هاتن بەرەو ناو شار و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەدا، کە شۆفێرەکە و هاوسەرەکەی تێدا بوون.
لە ئەنجامی رووداوەکە شۆفێری سانگ یۆنەکە گیانی لەدەستداوە و هاوسەرەکەی بە سەختی بریندار بووە، هاتوچۆی هەولێر وای وت.