''پێمان خۆشە پەکەکە قەدەغەکراوە''
بەنزیکەیی یەکلابووەتەوە: دوای رەمەزان ئاردۆگان سەردانی بەغدا دەکات
964+
وریا فەتاح
ئەو سەردانەی چەند مانگێک دەبێت تورکیا ئامادەسازی بۆ دەکات، تەواو خەریکە دەگاتە ئەنجام، دوای رەمەزان ئاردۆگان لەبەغدایە، تورکیا پەکەکەی دەوێت و عێراقیش ئاو.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەتەوە، دوا قسەو باسیان لەسەر سەردانەکەی ئاردۆگان کردووە بۆ بەغدا، ئاژانسی دەنگوباسی عێراق دەڵێت پاش رەمەزان ئاردۆگان دێت.
کۆبوونەوەکە رۆژى 14.3.2024 لە بەغدا کراوە، وەزیرى ناوخۆى هەرێمیش ئامادەى بوو، بەپێى راگەیەنراوێکى هاوبەشى هەردوو وەزارەتى دەرەوەى عێراق و تورکیا، بڕیادراوە بە ”دروستکردنى لیژنەیەکى هاوبەش و هەمیشەیى بۆ بەرپەرچدانەوەى تیرۆر لە ناوچەکە”.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی هەردوولادا هاتووە ”تورکیا پێشوازى لە بڕیارى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق دەکات کە پەکەکەى وەک رێکخراوێکى قەدەغەکراو لە عێراقدا ناساندووە” جەخت لەوەشکراوەتەوە کە هەردوولا رێوشوێنى پێویست دەگرنەبەر دژى پەکەکە”.
چەند ساڵە تورکیا داوا دەکات عێراق پەکەکە وەک تیرۆریست بناسێنێت، بەڵام عێراق ناچێتە ژێر باری ئەو داواکارییەوە، ئەم قەدەغەکردنەش کە باس دەکرێت راگەیەندراوێکی فەرمی و یەکلاکەرەوەی لەسەر نییە.
ساڵی پار زیاد لەجارێک هاکان فیدان هاتە هەولێرو بەغدا، دوای ئەو سەردانانە پەکەکە هێزەکانی لە کامپی مەخمور کشاندەوەو لە ئۆکتۆبەری رابردووش چیای قەرەچوغی چۆڵکرد، بەڵام هێشتا لە زۆر ناوچەی تری عێراق و هەرێمی کوردستان جموجۆڵیان ماوەو هەندێ دامەزراوەی عێراقیش مامەڵەی نیمچە فەرمییان لەگەڵ دەکەن.
میدیاکانی عێراق و تورکیا دەڵێن، سەردانەکەی ئاردۆگان بۆ ئەوەیە باس لە مەلەفی بەردانەوەی زیاتری ئاوی فورات و گەشەپێدانی بازرگانی و قەدەغەکردنی پەکەکە بکەن، تورکیا چاوی لەوەیە عێراق هاوکاری بکات بۆ ئەوەی پێکەوە لەپەکەکە بدەن.
ساڵی 2008 ئەوکاتەی ئاردۆگان سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو سەردانی بەغدای کرد، لەگەڵ مالیکی سەرۆک وەزیران و تاڵەبانی سەرۆک کۆمار کۆبووەوە، ئەوکاتیش داوای لێکردن پەکەکە قەدەغە بکەن و پەلاماری بدەن، بەڵام هیچیان گفتیان پێی نەدا، ئێستا دوای 16 ساڵ ئاردۆگان بۆ هەمان داواکاری دێتەوە، بەڵام نازاندرێ ئەم جارە قەولی دەدرێتێ یان نا.