خاوه‌نه‌كانیان نادیارن

له‌ ئاوى دوکان ده‌ست به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك تۆڕى ماسیدا گیرا

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

سەرەڕای قەدەغەی راوەماسی له‌ دوکان پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك تۆڕى ماسیگرتندا گرتووه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستى راوكردن به‌كارده‌هێندران.

تۆڕه‌كان، له‌ ئاوى دەریاچەی دوکان له‌ سنوورى گوندى تۆربە، له‌لایه‌ن بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.

ئەحمەد رەسوڵ لێپرسراوی به‌شی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان به‌ 964ـى وت، ژماره‌ى ئه‌و تۆڕانه‌ى ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ چوار دانه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ راوكردنى ماسی له‌ ئاوی دەریاچەی دوکان ئاماده‌كرابوون.

وتیشی، “هیچ كه‌سێك له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆڕانه‌ ده‌ستگیر نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌رێگه‌ى تیمه‌كانیانه‌وه‌ به‌دوای خاوه‌نى تۆڕه‌كانه‌وه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى لێپرسینه‌وه‌ى یاساییان له‌گه‌ڵ بكرێت”.

“لەوەتەی قەدەغەی راوەماسی راگەیەندراوە دەستمان بەسەر زیاتر لە 20 تۆڕی راوکردنی ماسی و چەند ماسیەکدا کە کێشی هەمویان 27 کیلۆ بووە گرتووە، بەفەرمانی دادوەر لە رێگەی زیادکردنی ئاشکرا فرۆشراون و داهاتەکەیان بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام کەس لەسەر راوی ماسی دەستگیر نەکراوە” ئەحمەد رەسوڵ وای وت.

رۆژى 5.3.2024 له‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی راگه‌یه‌ندرا، كه‌ ماوه‌كه‌ى زیاتر له‌ سێ مانگ ده‌خایه‌نێت.

سنوری بەشی پۆلیسی دوکان لە شەش بنکە پێکدێت و بەهۆی بوونی دەریاچەی دوکان سنوورێکی فراوانی کارکردنیان هەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی