ئاستەنگەکان چین؟
“هەفتەی داهاتوو پێدانی تابلۆی هەڵەبجە دەستپێدەکات”
964+
ژووری هەواڵ
هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێت، زۆربەی رێکارە یاسایی و ئیدارییەکان بۆ چاپکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە کۆدی هەڵەبجە تەواوبوون، چاوەڕوانن هەفتەی داهاتوو “لە رۆژی یەکشەممەدا” کە دەکاتە ساڵیادی کیمیابارانی شارەکە، دابەشکردنەکەی دەستپێبکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.3.2024، ئەحمەد حەمەئەمەین، وتەبێژی هاتوچۆی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، تەنیا دوو سێ کێشەی تەکنیکیان ماوە کە بەئاسانی چارەسەر دەبن، ئەوانیش نەبوونی لقی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەیە لەنێو هاتوچۆی هەڵەبجە، دابیننەکردنی ژمارە نایابەکان و نهبوونى گومرگی سەر بە بەڕێوەبەرایتییەکە.
لەبارەی کێشەی نەبوونی گەنجینە، ئەحمەد حەمەئەمین دەڵێت، دەکرێت هاوڵاتیان بچنە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و مامەڵەکانیان بۆ جێبەجێبکرێت، وەزارەتی ناوخۆش دەتوانێت لە سەروو ژمارە 10 هەزارەوە دیاریبکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی ژمارە نایابەکان.
رۆژى 22ـى شوباتى رابردوون بە ئامادەبوونى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بهشى تۆمارى تابلۆى ئۆتۆمبێل به کۆدى ژمارە 23ـى پارێزگاى ههڵهبجه كرایهوه.
لە تابلۆ نوێیەکاندا، ههر پارێزگایهك كۆدێكی تایبهت به خۆی پێدراوە، که پارێزگای ههولێر ژمارە (22)، پارێزگای سلێمانی ژمارە (21)، پارێزگای دهۆك ژمارە (24) و پارێزگای هەڵەبجەش ژمارە (23)ی پێدراوە.
یهكهم تابلۆى هەڵەبجە بە ژماره 10000 A23 وهك دیارى پێشكهشى ئومێد محهمهد کرا.