دوو منداڵ لەچاوەڕوانی رۆژوو شکاندن لە مزگەوتێکی خانەقین، وێنە:965
کام تەمەن بۆ بەڕۆژووبوون گونجاوە
شەش رێنمایی لە تەندروستی سلێمانیەوە بۆ بەڕۆژووبوونی منداڵ
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، باشتر وایە منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵان بەرۆژوو نەبن، چونکە ئەگەری “رووداوی نەخوازراو” ھەیە وەک دابەزینی رێژەی شەکر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.3.2024، بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی شەش خاڵی لەبارەی رۆژووگرتنی منداڵان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، منداڵانی سەروو 10 ساڵان دەتوانن رۆژو بگرن ئەگەر ھیچ نەخۆشی و کێشەیەکی تەندروستیان نەبێت، بەڵام منداڵانی خوار 10 ساڵ، بەهۆی مەترسی دابەزینی رێژەی شەکر، باشتر وایە بەڕۆژوو نەبن.
زانیارییە تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە د. سۆران سابر عوسمان وەرگیراوە و تێیدا هاتووە، ئەگەر ھەر ویستیان منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵ بەڕۆژوو بن، “دەتوانن بەشێوازێکی ئاسان و بۆ فێرکردن و لێڕاھێنان چەند کاتژمێرێک بگرن وەکو لەناو خۆمان پێی دەڵێن گرێدان یان تەنیا خواردن نەخۆن و ئاو و شلەمەنیان پێ درێت، یاخود چەند رۆژێکی گرنگیان پێ بگرن وەکو یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی رەمەزان”.
خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەشڵێت، ئەو منداڵانەی نەخۆشیان ھەیە نابێ بەڕۆژو بن بەتایبەتی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو سوکەری و نەخۆشیەکانی جگەر و گورچیلەکان و دواکەوتنی گەشە.
د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی خۆراک بە 964ـی راگەیاند، ئەو منداڵانەی بەڕۆژو دەبن پێویستە خواردنی باش و تەندروستیان پێ بدرێت لەگەڵ بڕێکی تەواو لە ئاو و شلەمەنی لەنێوان بەربانگ و پارشێو و چاودێری بکرێن لەکاتی بەڕۆژوبون.
راشیگەیاندووە، منداڵی بەڕۆژو نابێت خۆی ماندو و ھیلاک بکات و بچێتە بەر رۆژ و ئەو یاریانە بکات کە ھێز و وزەیەکی زۆری دەوێت. ھەر کات منداڵەکەت ھەستی بە بێھێزی و سەرسوڕان و گێژ بون یان نیشانەکانی وشک بونەوە کرد وەکو تێنوێتی و دەم وشک بون یەکسەر رۆژوەکە با بشکێنێ و شلەمەنی بدێ.