تەمویلکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەوەستاوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق: بۆ مانگی ئازار موچە دەنێرین

964+

فەهمی نەبی

باسم ئەلعەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، “پرۆسەی ناردنی موچەی فەرمانبەران نەوەستاوە و هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لە وەستانی پرۆسەی تەمویل دەکەن و بۆمانگی ئازاریش موچە دەنێرین دوای هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم”.

وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، “پرۆسەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامە و لەگەڵ حکومەتی هەرێم هاوکاری دەکەین بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکان و ئەو بابەتانە راست نین کە دەوترێت پرۆسەی ناردنی پارە بۆ هەرێم وەستاوە”.

ئەوەش دەڵێت: حکومەتی عێراق پابەندە بەناردنی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئازار، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم دەکەین بۆ بەردەوامی پرۆسەی “توطين” ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

ئەمڕۆ چوارشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، موچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێم نانێرین، تا پرۆسەی “توطين”ی موچە تەواو نەبێت و رەتیکردەوە دانبنێن بە پرۆژەی “هەژماری من”، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بەتەواوی پابەندی خۆی بە بەردەوامی پڕۆژەی “هەژماری من” راگەیاند.

"هەژماری من" گرێ کوێرەی لێدوانەکانی ئەمڕۆی نێوان هەرێم و بەغدا