هەواڵەکە نوێکراوەتەوە
کاتی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی قەڵادزێ گۆڕا
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
مانگی رەمەزان مۆلیدە ئەهلییەکانی قەڵادزێ بڕیاریان داوە لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆوە تا کاتژمێر 5:00ـی بەیانیی رۆژی دواتر کارەبا بدەن، بەڵام هاوڵاتیان دەڵێن ئەوکاتە زۆرە و پارەی مانگانەیان زۆر بۆ دەگەڕێتەوە.
عەلی خەسرەو، لێپرسراوی مۆلیدە ئەهلییەکانی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “بڕیارەکە لە ئیدارەی راپەڕینەوە دراوە و ئێمە جێبەجێی دەکەین، پێیان وتووین لە کاتژمێر 1:00ی شەوەوە بۆ 5:30ی بەیانی رۆژی داهاتوو مۆلیدەکان پێبکەن”.
لە قەڵادزێ 64 مۆلیدەی ئەهلی بوونی هەیە، مۆلیدەکان لە ئێستادا 10 کاتژمێر کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان.
هیوا حسێن، کە دانیشتووی شاری قەڵادزێیە بە 964ـی وت، “خشتەکەی ئێستا شتێکی باشە بۆ هاوڵاتیان کە کارەبا هەیە، بەڵام گران لەسەر خەڵک دەکەوێت و مانگانە 15 بۆ 20 هەزار دیناریان بۆ دێتەوە بۆ هەر ئەمپێڕێک کارەبا”.
بە پێی وتەی هیوا، ئاوی قەڵادزێ بە رۆژ دەدرێتە ماڵان و بەبێ بەکارهێنانی ماتۆڕی ئاویش کەس ناتوانێت ئاو بگرێت، “بەپێی ئەو خشتە نوێیە کاتی هاتنەوەی ئاو کارەبا نابێت و ئەوەش کێشە بۆ دانیشتوانی قەڵادزێ دروست دەکات”.
چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، خشتەی پێدانی کارەبای مۆلیدەکان بەمجۆرە گۆڕانکاریان بەسەردا هات:
کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بۆ 1ی شەو، 3ی بەیانی بۆ 5:30 ی بەیانی بۆ کاتی پارشێوو.
هاوکات ئەوەش هەبوو، هەر مۆلیدەیەکیش کاتی ئەوی هەبوو بەیانیان دەتوانێت مۆلیدەکە هەڵبکات دواتر قەرەبوی بکاتەوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد