گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنان کرایەوە
ئیتر هەڵەبجە پێویستی بە ئۆکسجینی هیچ شوێنێک نابێت
964+
فەهمی نەبی
پارێزگای هەڵەبجە بوو بە خاوەنی گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین و لەمەوبەدوا پێویستی بەهیچ شوێنێکی دیکە نابێت بۆ هێنانی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەکانی.
نەزیر حەمەدەمین، لێپرسراوی هۆبەی ئۆکسجینی تەندروستی هەڵەبجە بۆ 964 وتی، ئەو کارگەیە لەتوانای دا هەیە رۆژانە 700 بوتڵی ئۆکسجین پڕ بکات، بەڵام ئێستا پێداویستی تەندروستی هەڵەبجە بەرهەمهێنانی 150 بوتڵ ئۆکسجینە، ئەو بڕە لەماوەی چوار کاتژمێردا بەرهەمدێت.
بەوتەی نەزیر حەمەدەمین، هەمیشە کواڵێتی ئۆکسجین لە دەرەوە %21 بەڵام ئەو کارگەیە ئۆکسجینەکە دەپاڵێوێت بۆ سەروو %90 بەجۆرێک مادە زیانبەخشەکان لەدەرەوە فڕێ دەدات و ئۆکسجینێکی پاکت دەداتێ.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ ئەو کارگەیە لەلایەن وەزیری تەندروستی و پارێزگاری ئەم شارە و بەرپرسانی تەندروستی کراوەتەوە و تێچووەکەی 378 ملیۆن دینار بووە و بۆ ئاستی پشتبەستن بە ئۆکسجینی دەرەوەی هەڵەبجە دێتە سەر سفر.
نەزیر حەمەدەمین دەڵێت: کارگەکە کوالێتیەکی زۆرباشی هەیە، زەمانی دوو ساڵی لەگەڵە، ئەو مادەیەی کرداری پاڵاوتن ئەنجام دەدات پێی دەوترێت “زایۆلات” لەجۆری هەرە باشەکەیە ئیتاڵیە و ناسنامەی خۆی لەگەڵە.
ئەم کارگەیە جگە لە بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەکان، وەک لێپرسراوی هۆبەی ئۆکسجینی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، ئەوان بەخۆڕایی بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمایی بوتڵی ئۆکسجین پڕ دەکەنەوە.