وتەبێژی کۆمسیۆن وادەڵێت
زۆرترینی ئەوانەی لە بایۆمەتری ناویان تۆمارکردووە لە هەولێرن
964+
فەهمی نەبی
وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تا دوێنێ 109 هەزار کەس لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم ناویان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە، زۆرترینی ئەو رێژەیە لە پارێزگای هەولێرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ی رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی شوبات تا رۆژی 6ی ئادار، 109 هه زار و 18 کەس له سیستمی بایۆمەتریدا ناویان تۆمار کردووه، لەو ژمارەیە 54 هەزار و 199 کەس له هەولێر، 24 هەزار و 347 کەسیان له دهۆک و 30 هەزار و 472 کەس له سلێمانی بوون.
بڕیار بوو رۆژی 5.3.2024 دوا وادە بێت بۆ نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری، بەڵام کۆمسیۆن پێنج رۆژی دیکەی درێژکردەوە تا 10.3.2024 مۆڵەت هەیە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران.
رۆژی 3.3.2024 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکردوو، بڕیارە رۆژی 10.6.2024 ئەو پرۆسەیە بەڕێوە بچێت.
زیکەی دوو ساڵ و پێنج مانگ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەکەی خۆی دواکەوتووە، ناکۆکى لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاساى هەڵبژاردن و چەندین جار دواخستنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی چەند مادەیەک لە یاسای هەڵبژاردن لەو هۆکارە سەرەکیانەن کە هەڵبژاردن نەکراوە.
دادگای فیدراڵی عێراق 11 دانیشتنی لەبارەی ئەو سکاڵایە دواخستبووە کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو، دواجار لە 12ـهەمین دانیشتندا لە رێکەوتی 21.2.2024، دادگاکە سکاڵاکەی یەکلایکردەوە و بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان و هەرێمی کوردستانی لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە کرد بە چوار بازنەی هەڵبژاردن.