چەند چالاکیەکی جۆراوجۆر نمایشکران

پێنجەمین کەرنەڤاڵی راپەین لە زانکۆی راپەڕین بەڕێوەچوو

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

ئەمڕۆ سێشەممە 5.3.2024 لە یادی راپەڕیندا رێکخراوی ماڵێک بۆ لاوان بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی راپەڕین، چەند چالاکیەکی جۆراوجۆر و فۆلکلۆریان لە زانکۆی راپەڕین ئەنجامدا.

بەشێک لە خوێندنگا ناحکومییەکانی دەڤەرەکە و کۆلێژ و بەشە جیاوازەکانی زانکۆی راپەڕین کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆرییان لە کەرنەڤاڵەکەدا پێشکەش کرد کە پێکهاتبوون لە داهێنانی زانستی و پێشانگای کاری دەستی و پێشکەشکردنی خواردن.

یەکێک لە خوێندکارە بەشداربووەکان بە 964ـی وت، ئێمە بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی کلتوری کوردی و پیشاندانی کەلەپوور لێرە نێرگز و کتێب و چایی دەفرۆشین و بەگرنگی دەزانین لەم جۆرە کەرنەڤاڵانە ساڵانە ئەنجام بدرێن، تاوەکو خوێندکاران و گەنجانی زانکۆکە و دەڤەرەکە بتوانن لە رێگایەوە بەهرە و توانای خۆیان پێشان بدەن.

کەرنەڤاڵی راپەڕین ساڵانە لە یادی راپەڕینی 5.3 دا ئەنجامدەدرێت بەمەبەستی بەرز راگرتنی یادەکە و ساڵانە بەشێکی زۆری خەڵکە دەڤەرەکە سەردانی دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی