کاهوو و سەوزەی تێدا بووە
پیرمەگروون؛ بەهۆی رەشەباوە 900 خانووی پلاستیک لە ناوچوون
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
لە ناحیەی پیرەمەگروون رەشەباکەی هەفتەی رابردوو، زیانی بە 900 خانووی پلاستیکی جوتیاران گەیاندووە، لیژنەیەک چوون تا قەبارەی زیانە کشتوکاڵییەکان بخەمڵێنن.
رەشەبا بەهێزەکە، جگە لە زیانی خانووە پلاستیکییەکان کاهوو، تەڕەپیاز و سەوزەی جوتیارانی لەناوبردووە، هەروەک هەورەبانی ماڵێکیش لە سنوری ناحیەکە رووخاووە و زیانی گیانی نەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3.3.2024، سامان ئەمین، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پیرەمەگروون بە 964 وتی، بەهۆی رەشەبای هەفتەی رابردووە، دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، زیانێکی زۆر بە خانوە پلاستیکییەکانی پیرەمەگروون کەوتووە، بەشێکی زۆریان چوارچێوەکانیان کەوتوون، زۆربەی بەرهەمەکانیان کە بریتی بووە لە بەرهەمی کاهوو، پاقلە، تەڕەپیاز و سەوزە لە ناوچوون .
بە قسەی بەرێوەبەری کشتوکاڵی پیرەمەگرون بێت، زیاتر لە 900 خانووی پلاستیکی لەسنورەکە زیانی بەرکەوتووە، ئەو وتی، سەردانی زۆرینەی خانووە پلاستیکییەکانمان کردووە، بە نوسراوێک سەرووی خۆمان ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی لیژنەیەکی باڵا پێک بێت، بۆ خەمڵاندنی زیانەکان، لەحاڵەتی بوونی هەر قەرەبوویەک بتواندرێت قەرەبووی جوتیاران بکرێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی، کشتوکاڵی پیرەمەگروون بێت، سێ هەزار خانوی پلاستیکی لە سنورەی ناحیەی پیرەمەگروون بوونیان هەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا