لە هەولێر چوار بەنزینخانە داخران

 لەدوو مانگدا ٢٠١ بەنزیخانە سزادراون

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر

بەهۆی دەستكاریکردنی كوالێتی بەنزین و تێکەڵکردنی نەفتاو بەنزینی تێکەڵە، چوار بەنزینخانە لە هەولێر داخران.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بەمیدیازانی ڕاگەیاند کە چوار بەنزینخانە لەسەنتەری هەولێر سزادران، بەهۆی دەستکاریکردنی کوالێتی بەنزینەکەیان.

بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵک لەسەر کوالێتی بەنزین، لیژنەکانی قایمقامیەت هەڵمەتێکی وردی چاودێری بەنزینخانەکانیان دەست پێکرد، لەسەرەتای حوزەیرانەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، زیاتر لە ٢٠١ بەنزینخانە سزادراون.

نەبەز عەبدولحەمید، روونی کردەوە کە ئەو بەنزینخانانەی سزای داخستنیان دراوە، ئەوانە نین کە بەنزینی حکومی دابەش دەکەن، بەڵکو ئەوانەن کە بەنزینی بازرگانی دەفرۆشن، وتی “ئێستا ژمارەی بەنزینخانەکانی سزا دەدرێن، بەراورد بە سەرەتای دەستبەکاربوونی لیژنەی چاودێری قایمقامیەت، زۆر کەمبوونەتەوە، سەرەتا هەفتانە تاوەکو ١٥ بەنزینخانە سزا دەدران”.

زیاتر وتی “ئەو بەنزینخانانەی سزای داخستنیان دراوە، بەهۆی دەستکاری جۆری بەنزینەکانەوە بووە بە تێکەڵکردنی نەفتاو بەنزینی تێکەڵە”.

ئەم چوار بەنزیخانەیە هەر چواریان یەکەمجارە سزا دەدرێن، بەپێی رێنماییەکان یەکەمجار بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دادەخرێن و بەبڕێک سزا دەدرێن لەنێوان ٢٥٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن دینار لەگەڵ ئەوەی بەڵێن دەدەن دووبارەی نەکەنەوە.

لەئەگەری دووبارەبوونەوە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ دادەخرێن لەگەڵ پێبژاردن لەسەروو یەک ملیۆن دینارەوە.