38٪ـی پەسندکراون

ساڵی رابردوو 26 هەزار هاوڵاتی هەرێم و عێراق داوای مانەوەیان لە ئەوروپا کردوە

964+

ژووری هەواڵ

بەگوێرەی ئامارێک کە لەلایەن ئاژانسێکی سەر بە یەكێتیی ئەوروپا بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 26 هەزار هاوڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان داوای مافی پەنابەریان لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کردووە و 38٪ـی ئەو داواکارییانە پەسەند کراون.

ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەوروپا EUAA راپۆرتێکی تایبەت بە پێدانی مافی پەنابەری لە ئەوروپا بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە 1 ملیۆن و 100 هەزار داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا پێشکێشکراون و 26 هەزار و 131 کەسیش لەوان هاوڵاتی باشووری کوردستان و عێراق بوون.

رێژەی 38٪ـی داواکارییەکان پەسندکراون، 6٪ـیان هێشتا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و 56٪ـی داواکارییەکانیش رەتکراونەتەوە، ئاژانسەکە وا دەڵێت.

وەک لە ئامارەکەدا دەردەکەوێت، لە ساڵی رابردوودا ژمارەی داواکاری مافی وەرگرتنی پەنابەری هاوڵاتیانی عێراق و هەرێم لە ئەوروپا کەمترە، چونکە لە 2022ـدا 27 هەزار و 64 کەسی خەڵکی باشووری کوردستان و هاوڵاتی عێراقی داواکاریان پێشکێش کردبوو.

پێشتر، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا، 19 هەزار و 500 هاوڵاتی عێراقی سەروو تەمەن 18 ساڵ داوانامەی مافی پەنابەریان پێشکەش بە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.

بە گوێرەی ئامارێک کە لەلایەن کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بڵاوکراوەتەوە، ساڵی رابردوو 21 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و 37 کەسیان لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، کە شەش کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون.

"ئەمساڵ 21 هەزار کەس لە هەرێمەوە کۆچیان کردووە"