بۆ لەو شوێنە فڕێدراون؟
15 بارهەڵگر پاشماوەی کێڵگەی پەلەوەری لە نزیک پرۆژەی ئاوی خاس هەڵگیرا
964+
توانا نەقی
پۆلیسی شارەوانی قەڵادزێ رێوشوێنێکی دیکەی بۆ رێگرکردن لە پیس بوونی ئاوی خواردنەوەی شارەکە گرتەبەر، ئەمە پاش ئەوەی پاشماوەیەکی زۆری کێڵگە پەلەوەرییەکان تێکەڵ بە زێی بچوک دەکران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی بنکەی پۆلیسی شارەوانی ئاگادار کرایەوە بە بوونی پاشەڕۆیەکی زۆری کێڵگەکانی پەلەوەر لە زێی بچوک نزیک پڕۆژەی ئاوی خاس کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی شارەکەیە، دەستبەجێ بنکەی پۆلیسی شارەوانی خاوەنەکەی ئاگادارکردەوە بەزوترین کات شوێنەکە پاک بکاتەوە و پاشەڕۆکە لابەرێت.
دەشڵێت، دوای ئاگادارکردنەوە خاوەنی کێڵگە پەلەوەریەکە هەستاوە بەلابردنی پاشەڕۆکە کە نزیکەی 15 تڕێلە دەبوو، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی ژینگەی ئاوی زێی بچوک بوو کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شاری قەڵادزێیە.
ئەو پاشەڕۆیەی لەو شوێنە کۆدەکرایەوە کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە کە بۆ زەوی کشتوکاڵی بەکار دەهێندرا.
پرۆژەی ئاوی خاس سەرچاوەکەی زێی بچوکە و دابینکەری ئاوی پاکی خواردنەوەیە بۆ قەزای پشدەر لە سنوری ئیدارەی راپەڕین.