بانکی ناوەندی بردنهدهرهوهى دۆلار کۆنتڕۆڵ دەکات
964+
فەهمی نەبی -هەولێر
بانکی ناوەندی عێراق، نوسراوێکی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان کردووە، دەبێ تا سەرەتای مانگی ئادار ھەموو کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو، لەیەک سەکۆ کۆببنەوە و هەر پێنج کۆمپانیایەک یەکبگرن و بکرێن بە یەک ناونیشانی کۆمپانیا.
نوسراوەکە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو، ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو کراوە.
بەپێی نوسراوەکە، دەبێ کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ رێنمایی ژمارە 1ی 2023 ی بانکی ناوەندی بگونجێنن.
لە رێنمایی ژمارە 1 ھاتووە، بانکی ناوەندی سەکۆیەک دروستدەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بردنهدهرهوهى دۆلار بەجۆرێک دەبێ ھەموو کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو لە ھەرێمی کوردستان بچنە ناو چوارچێوەی یەکگرتن لە جۆرەکانی A و B. بەبێ ئەوەی رونکردنەوە درابێت لەبارەی ئەو دوو جۆرەی بانکی ناوەندی ئاماژەی پێکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانونی دووەمی 2023، هێمن گەردی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەتوان، لەو بارەی ئەو نوسراوە بە +964ی وت “نوسراوەکەمان بۆ هاتووە و داوامان لێکراوە هەموو کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، پێنج کۆمپانیا بەیەکەوە لەژێر یەک ناونیشانی کۆمپانیای گۆڕینەوەی دراو لە یەک سەکۆ کۆببنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی”.
هێمن، ئەوەشی وت “کۆمەڵێک بانک، لەلایەن بانکی مەرکەزیەوە دەخرێنە لیستی رەشەوە، دوای 1ی ئادار، ناوی ئەو کۆمپانيایانە رادەگەیەنرێت، ئەو ئامادەکارییەی بانکی مەرکەزی بۆ ئەوەیە چیتر دۆلار نەبردرێتە دەرەوە”.
نزیکەی دوو مانگە، نرخی دۆلار ناجێگیرە، بانکی ناوەندی چەندینجار ئەوەی رایگەیاندووە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلارن.