لۆگۆی وەزارەتی پەروەردە - وێنە: 964
وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە
خەڵاتێکی پێنج ملیۆنی بۆ هەر مامۆستایەک زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە هاوبەشی رێکخراوی یونسێف پلاتفۆڕمی کتێبخانەی دیجیتاڵی و راهێنانی دیجیتاڵی راگەیاند و وەزیر دەڵێت، ئەم سیستەمە هانی مامۆستایان و قوتابیان دەدات بخوێننەوە و ئەوانەی زۆرترین کتێب دەخوێننەوە ساڵانە پاداشتی داراییان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25.2.2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە پلاتفۆڕمی کتێبخانەی دیجیتاڵی هەموو ئەو پەڕانەی کە لەلایەن مامۆستاوە دەخوێنرێتەوە و ئەو کاتە پێویستی بووە بۆ خوێندنەوە تۆمار دەکرێت و ئەو مامۆستایەی کە زۆرترین کتێب دەخوێنێتەوە پاداشتێکی پێنج ملیۆن دیناری پێدەدرێت.
“ئەو مامۆستایەی کە دەبێتە زۆرترین خوێنەر، پاداشتێکی پێنج ملیۆن دیناری وەزارەتی پەروەردەی پێدەدرێت بەشێوەیەکی ساڵانە، بەڵام دەبێت مامۆستاکە لەبەردەم لیژنەی پەیوەندیدار پرۆپۆزەڵێک پێشکەشبکات و بیسەلمێنێت کە ئەو کتێبانەی خوێندووەتەوە و سوودی لێیان بینیوە”، وەزیری پەروەردە وا دەڵێت.
بۆ دووەم و سێیەم زۆرترین خوێنەریش پاداشت دانراوە، وەزیری پەروەردە دەڵێت، ئەو مامۆستایانەی دووەم دەبن بڕی چوار ملیۆن دینار و سێیەمەکانیش سێ ملیۆن دیناریان پێدەدرێت.
لەنێو پلاتفۆڕمی کتێبخانە “مامۆستای هاندەر” هەیە و قوتابیان دەتوانن ئەو مامۆستایانە هەڵبژێرن کە هانیداون بۆ خوێندنەوە، هەر مامۆستایەک زۆرترین قوتابی هانبدات بۆ خوێندنەوە بە ریزبەندی یەکەم و دووەم و سێیەمی پاداشت مادی وەردەگرن.
لەنێو قوتابخانەکانیش مەراسیمی پێدانی خەڵات رێکدەخرێت بۆ ئەو قوتابیانەی کە زۆرترین کتێب لە پلاتفۆڕمەکەدا دەخوێننەوە.
“پلاتفۆڕمەکە دەتوانێت لە پرۆسەی زانستخوازی بەردەوام هاوکار بێت و هەموو ئامانجەکەش ئامانجێکی پەروەردەیی و فێرکاری و پەرەپێدانی خود و تواناکانمانە”، وەزیری پەروەردە وا دەڵێت.