پیشەوەرێكی كارامەیە

مەریوانی تەیارە 33 ساڵە كاسكێتی ئۆتۆمبێل دروستدەكات

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

پیشەوەرێكی دەستڕەنگین و کارامە لە سلێمانی 33 ساڵە كاسكێتی ئۆتۆمبێل دروستدەكات و دەڵێت، پێشتر كەس لەسلێمانی كاسكێتی دروست نەكردوە و خۆی بەداهێنەری ئەو کارە دەزانێت.

كاسكێت لە بزوێنەر (مەكینەی ئۆتۆمبێلدا) دەكەوێتە نێوانی “كەوەر و سلندەر”ەوە، رێگە لە تێکەڵبوونی ئاو و رۆن دەگرێت و پارێزگاری لەسووتانی مەكینەی ئۆتۆمبێل دەكات.

مەریوانی حەسەن تەیارە، خاوەنی بیرۆكەی دروستكردنی كاسكێتی ئۆتۆمبێل بە 964ی وت، “لەباوكمەوە پیشەكەمان بۆ جێماوە و لەساڵی (1961)ەوە لە ئەسحابەسپی دوكانی بانس و كلاج و واشەرمان هەبووە، بەڵام لە ساڵی (1991) و دواتر نزیكەی ساڵێك بەدوای دۆزینەوەی بیرۆكەی كاسكێتی ئۆتۆمبێلدا گەرام، تاوەكو گەیشتمە ئەنجام و توانیم بەبیرۆكەی خۆم كاسكێت دروست بكەم”.

مەریوان لەسەرەتادا نەخشەی كاسكێتەكە لەسەر پارچە ئەزبێزێك دەكێشێت، دواتر شوێنی نەخشەکە، وەكخۆی و بە بازنەی کون دەکات و دەرچەی نێوان کەوەر و سلندەر جیا جیادەکاتەوە و زیادەكەی دەبڕێت، ئەو وتی، “چەند بیرۆكەیەكم لەسەر دروستكردنی كاسكێت تاقیكردوەتەوە، ئێستا دەتوانم وەكو شەریكە دروستی بكەم“.

كاتێك كاسكێت ئەگەری سوتانی هەیە، كە ئۆتۆمبێل ئاو كەم بکات، یان واتەر پەمپەكەی دەتەقێت، بەقسەی وەستا مەریوانی تەیارە بێت، “كاسكێت رۆڵی دڵی مرۆڤ دەبینێت بە نەبوونی بزوێنەری ئۆتۆمبێل کار ناكات، وتیشی، “جگە لە كاسكێتی ئۆتۆمبێل هەر بزوێنەرێك بە رۆن، گاز و بەنزین کار بكات دەتوانم كاسكێتی بۆ دروستبكەم”.

مەریوان وەستایەکی کارامەیە و جگە لە كاسكێت، بانسی ئۆتۆمبێل، بانسی مەسعەد، بانسی بیری ئیرتیوازی و كلاجی ئۆتۆمبێل دروستدەکات، دەست رەنگینی و لێهاتووی لە شۆفێری بووە بە بەرباسی خەڵک، بۆیە پاش ناوی “تەیارە” لە پیشەی خۆی، باب و باپیرانی نراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا