لێکۆڵەرێک: بەرات حەوت مانای هەیە
دوای نانی ئێوارە چاوەڕێی دەنگی دەرگای ماڵەکانتان بن
964+
ئەحمەد مستەفا
لە پاش نان خواردنی ئێوارە، ئەمشەو چاوەڕوانی منداڵانی گەڕەک بن دێن و داوای نوقڵ و چوکلێت دەکەن، شەوی بەراتە و دەیانەوێت کیسە عەلاگە یان گیرفانەکانیان پڕ شیرینی بکەن.
بە قسەی عەبدوڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان بێت بۆ 964، شەوی 24 لەسەر 25.2.2024 دەبێتە شەوی بەرات لە هەرێمی کوردستان، چونکە کەوتووەتە نێوان 14-15ی مانگی شەعبان، کە نیشانەیە بۆ هاتنی مانگی رەمەزان و بە رۆژوبوونی پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام.
لە بەشێک لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان بە شێوەی جیاواز یادی دەکرێتەوە، لە هەندێک شوێن لەم شەوەدا خەڵکی بە گشتی و پیاوان بە تایبەتی بە مەبەستی نزاو پاڕانەوە سەردانی مزگەوتەکان دەکەن، بەڵام زیاتر لەناو دانیشتووانی شاری سلێمانیدا بە گرنگیەوە سەیری کراوە، لەم شەوەدا زۆربەی خێزانەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و کابانی ماڵ خواردنی تایبەت ئامادەدەکات، پاشان دوای نانی ئێوارە مناڵان بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و هەر ماڵەو لای خۆیەوە بە بڕێک پارە، یان بە دەنکێک خورما یا پارچەیەک شیرینی پێشوازییان لێدەکات.
هونەرمەند و کەسایەتی شاری سلێمانی، عومەری کەریم ئاغا یاداشنامەیەکی خۆی بۆ 964 ناردووە و لە بارەی سەردەمی منداڵی خۆی و شەوی بەرات دەدوێ و دەڵێت، ئەو رۆژگارەی ئێمە زۆر جوان بوو، چەند رۆژێک پێش هاتنی شەوی بەرات، تورەکەیەکی خامیان بۆ ئەدووریم، دەمەکەی بە دەزووی کشتەک هەڵئەپێچرا، دوای نانخواردنی ئێوارە چەند مناڵێکی گەڕەک، کە هەموو وەکو براو کەسی یەکتر وابووین، بە ماڵاندا ئەگەڕاین. ئەو کاتە شار بریتی بوو لەچەند گەڕەکێک، کەلەیەکەوە زۆر دوور نەبوون. ئەمانتووانی تەواوی ماڵەکانی شار بگەڕین، کە دەچووینە بەردەمی هەر ماڵێک بە یەکدەنگ ئەمانووت:
شەو شەوی بەراتێ
خوا دوو کوڕ و کچێکتان باتێ
خاتوونی سەر بە زێڕێ
دەس لە کەندوان بگێڕێ
بەشی مناڵان بنێرێ
محەمەد مەردان، نوسەر و لێکۆڵەر بۆ 964 وتی، ناوی بەرات کە زۆر کەس پێیوایە لە (بەرائەت)ی عەرەبیەوە هاتووە، بەڵام لە بنەڕەتدا وشەیەکی رەسەنی کوردییە و چەند ماناو مەبەستێک دەگەیەنێ وەک، (دیاری، خەڵات، هەقدەست، موچە، بەخشین، ماف و قوربانیدان).
ئەمڕۆ شەممە 24.2.2024، کاتێک دەچیتە ناوبازاڕی سلێمانی و بە هەر کوچە و شەقامێکدا دەڕۆیت گوێت لە وشەی بەرات دەبێت، کە لە لایەن ئەوانەوە بەردەوام دەوترێتەوە کە نوقڵ و چوکلێت دەفرۆشن، قادر عەبدوڵا، یەکێک بوو لەوانەی لەناو بازاڕی سلێمانی سەرقاڵی فرۆشتنی نوقڵ و شیرینی بوو و زوو زوو هاواری دەکرد بۆ بەرات نوقڵ بەرەوە و منداڵان بێهیوا مەکە، ئەو بە 964ی وت، ئەمساڵ بەشێوەیەکی گشتی خەڵک کەمتر شیرینی کڕیوە.
وتیشی، “هێشتا خەڵکێکی زۆر پابەندن بە بەڕێوەبردنی بۆنەکەوە، بەڵام بێ موچەیی و خراپیی بارودۆخیان وای کردووە تەنانەت نوقڵیش کەم بکڕن، یان کە دەیکڕن هەرزانترینیان دەکڕن”، سەعدییە ئیسماعیل، تەمەن 65 ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی سەروەری لە شاری سلێمانی بە 964ـی وت، بەرات زیاتر لە سلێمانی بایەخی پێدەدرێت و بەڕێوەدەبرێت و بەشێوەیەکی کەمتر لە شارەکانی دیکە دەبیندرێت، وتیشی، “ساڵەهایە ئەو شەوی بەراتە هەر هەبووە و تا ئێستاش ماوەتەوە و هەر بەردەوامیش دەبێت”.