دادگاکانی عێراق داوایانکردووە
دژەتیرۆر: تیرۆریستێک لە سنوری ناحیەی تەکیە دەستگیر کرا
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوبەرایەتیی گشتی دژەتیرۆر رایگەیاند، “تیرۆریستێکیان” لە سنوری ناحیەی تەکیە سەر بە قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی دژە تیرۆر کە کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردووەتەوە، پاش کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری ورد، لە ئۆپەراسیۆنێکی ھێزەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لە سنوری ناحیەی تەکییە، توانراوە “تیرۆریستێک” دەستگیر بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، “تیرۆریستی دەستگیرکراو لەدایکبووی ساڵی 1988ـی حەویجەیە، پێشینەی کاری ھەبووە لە ناو رێکخراو و گروپە تیرۆریستییەکاندا و لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بە مادەی چواری تیرۆر داواکراوبووە، پاش دەستگیرکردنی، دەستبەجێ رادەستی یاسا کرا بە مەبەستی سزادانی”.
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 30 کەسی بەتۆمەتی تیرۆر لە پشدەر و بتوێن راگەیاند و ئاسایش وتی، “لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوە”.