کاوێس ئاغا

ئەو هونەرمەندەی دەیگووت کورد خائینە

964+

ژووری هەواڵ

ساڵی ١٩٨٩ یە ماڵباتێکی کوردی کۆچەری بەناوی ئەحمەد کانەبی لە رەشماڵێکی چیای چارچەڵ لەسەر سنووری ئێران، لەکاتی شوانییەتی منداڵێکیان دەبێت ناوی لێدەنێن وەیس

وەیس لە تەمەنی ١٠ ساڵی ئەحمەدی باوکی دەمرێت، دوای سێ ساڵ لەم کۆچە لەیلای دایکیشی گیان لەدەستدەدات، تەنیا خۆی و کینۆی برای دەمێننەوە

لەپرسەکەی دایکی دەنگبێژێک بەناوی فاتیمە لاواندنەوە دەکات، لەم کاتەدا وەیس گریانێکی قوڵ دایدەگرێت و بۆ یەکەم جار لەشوێنی خۆی و بەدەنگێکی نزم دەست بەخوێندنی لاوک دەکات

دەنگێک کە لەداهاتوو دەبێت بە قومری و چریکەی دەگات بە هەر چوار پارچەی کوردستان

دوای چەند ساڵێک لەمردنی دایکی، لە رۆژێکی زستانی سارد و سڕ کە بەفرێکی زۆر باریووە، لەرێگا خۆی و ئەسپەکەی دەکەونە ژێر شاخێکی هەرەسهێنراو دوای چەند کاتژمێرێک مانەوە لەژێر بەفر، لەکۆتاییدا رزگاری دەبێت بەڵام بەهۆی شۆک بوونی تووشی زمان گرتن دەبێت

رۆژان رۆیشت و وەیسیش زیاتر زمانى له‌كاتى قسه‌كردن ده‌گیرا و وشه‌كانى بۆ پێكه‌وه‌ نه‌ده‌به‌سترایه‌وه‌، به‌ڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو بێ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ لاوکی دەگووت

لە تەمەنی ٢٦ ساڵی وەیس بڕیاردەدات واز لەکاری شوانی بهێنێت و کۆچ بکات، بۆ ئەم مەبەستە دەچێتە دیوەخانی ئاغای رواندز و لەوێ لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەست بە لاوک گووتن دەکات

ساڵێک دواتر بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەم و داگیرکردنی رواندز لەلایەن ئینگلیزەکان روو لە شەقڵاوە دەکات و لەوێ وەک پاسەوانی بەروبومی عوسمانیەکان دەستبەکار دەبێت

وەیس لای خەڵکی بە کاک وەیس ناوی دەهێنرا و دواتر لەخۆشەویستیان نازناوی بوو بە کاوەیس و دواتر کاوێس

ئەویش لەخۆشەویستی بۆ خەڵکەکە، شه‌وانه‌ به‌ دزی جه‌ندرمە عوسمانییەکان ئازووقه‌ی ناو گه‌نجینه‌كەی‌ ده‌دا خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت، بەڵام دوای ماوەیێک ئاشکرا دەبێت و لەکارەکەی دەردەکرێت

كاوێس بەهۆی هەستی نیشتیمانپەروەری زۆرجار لە شەقڵاوەوە چۆته‌ سلێمانی بۆ دیده‌نی شێخ مه‌حمود، لەوێش لاوكی بۆ چڕیوه و كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی داستانەکان لە تەواوی کوردستان، له‌ به‌رامبه‌ریشدا شێخ مه‌حمودی ڕێزی لێ گرتووه‌ و خۆشیویستووه‌ و خه‌ڵاتی كردووه‌

دوای ئەوەی هەواڵی خیانەتی کوردەکان دەبیستێت لە شێخ مەحمود راستەوخۆ کاوێس ئاغا بە لاوکێک وەسفی خائینەکان دەکات و دەڵێت

جگه‌ له‌م لاوكه‌ بۆ زۆرێك لە ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك: سمكۆی شكاك و راپه‌رینی بارزان لاوكی چڕیوه و‌ وه‌ك داستانی قاره‌مانی به‌ خه‌لكی ناساندوون

یه‌كه‌م هونه‌رمه‌نده‌ لەساڵی 1930 لاوكی له‌سه‌ر گرامافۆن تۆماركردووه‌ كه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پێیان وتووه‌ قه‌وان

چه‌ند قه‌وانێكی هه‌بوو‌ لێی نوسرابوو‌ په‌خش كردن و لێدانی له‌رادیۆی به‌غدا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ چونكه‌ له‌و لاوكانه‌ی باسی مه‌سه‌له‌ی كورد و شه‌ڕه‌كانی شێخ مه‌حمود و باسی كوژرانی سمكۆی شكاكی كردووه‌

ساڵی ١٩٣٦ لە پیرمام لەرۆژێکی سارد و باراناویدا دڵی تەڕ و عاشقی لەوەستان دەکەوێت و گیان لەدەست دەدات