ژنێک دواى دەنگدان لە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەنجەى بەرز کردووەتەوە _ وێنە: ئەرشیف
سۆراغى 964
بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى کێشە بۆ هەڵبژاردن دروست دەکات؟
964+
وریا فەتاح
دواى 11 جار دانیشتن، دواجار دوێنێ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لەبارەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە بڕیاریدا، بەڵام بڕیارەکە کۆمەڵیک بەربەستى یاسایى و سیاسی دەخاتە بەردەم پڕۆسەى هەڵبژاردن.
دیارترین خاڵى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى لەبارەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 1992ـى هەمووارکراو، ئەوە بوو کە ژمارهیهك بڕگه و مادهی یاساکەى ههڵوهشاندهوه و 11 کورسیی پێکهاتەکانی پهرلهمانی كوردستانی به نادهستوری پێناسهكرد و ژمارهی ئهندامانی پهرلهمانی به 100 ئهندام دیاریكرد.
بەربەستەکان چین؟
پەرلەمانى کوردستان 100 کورسییە و ژمارەى جووتە، ئەمە بەربەستە؟
بەپێى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پەرلەمان لە 111 ئەندام پێکدێت، دادگاى فیدڕاڵى بڕیاریدا بە نادەستوریبونى ئەو بڕگەیە و دەستەواژەکە بەم شێوەیەی لێدێت،”پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێکدێت”.
د. ئیسماعیل نامیق، مامۆستاى زانکۆ و پسپۆڕی یاسایى، لەبارەى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى سەبارەت کەمکردنەوەى کورسییەکانى پەرلەمان بۆ 100 کورسى، بە 964ـى وت،”ئەم 11 کورسییە بە گۆڕانکارییک بوو کە لە 2004 کراوە، دادگاى باڵاى فیدڕاڵى لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، ئەو ئەو گۆرانکارییە گۆڕانکارییەکى نادەستورییە، بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقە کۆپییە رەسەنەکە، بەڵام دادگاى باڵاى فیدڕاڵى نەگەڕانەوەتەوە بۆ کۆپییە رەسەنەکە، چونکە لەوێدا هاتووە کە پەرلەمانى کوردستان لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت کە ژمارەیان کەمتر نەبێت لە 100 ئەندام، بەڵام دادگاى فیدڕاڵى یەکسەر کردوویەتى بە 100 ئەندام، جا نازانم ئەوە بە مەبەستە یان بەسەریدا تێپەڕیوە، چونکە ئەو ژمارەیە دواجار گرفت دروست دەکات”.
بە بۆچوونى ئیسماعیل نامیق، لەبەر ئەوەى ژمارەکە جووتە، رەنگە لە دواى هەڵبژاردن رووبەڕووى ئەوە ببینەوە دوو هێز پەنجا بە پەنجا بەرامبەر یەک بووەستن، ئەو کاتە پەرلەمان پەکى دەکەوێت، ئەوە ئەگەرێگە و رەنگە بێتە دى، بەتایبەت کە لەم وڵاتەدا پرسى هەڵبژاردن زۆر جار پەیوەستە بە ململانێى دەرەکى.
ئەو ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى بە نمونە هێنایەوە، کە هیچ لایەک نەیانتوانیوە بەربەستى یاسایى ببڕن، کورد و هاوپەیمانەکەى هەشت کورسى هەیە و لایەنەکانى تریش خاوەن هەشت کورسین، بۆیە یەکلایى کردنەوەى پرسى هەڵبژاردنى پارێزگار رووبەڕووى گرفت بووەتەوە.
لەسەر هەمان بابەت، رێواز فایەق، سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، قسەى بۆ 964 کردووە و ئەو بۆچوونى جیاوازە، چونکە پێى وایە، لەڕووى کردەییەوە، رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى حکومەت لەسەر جیاوازى یەک کورسى ناوەستێت، تا ژمارە 100 ببێتە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو.
وتیشی “دادگاى فیدڕاڵى یاسایەکى نوێى دانەناوە، چونکە ئەوە ئیشى ئەو نییە یاسا دابنێت، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەى ئەو دەقانەى بەردەستن چارەسەر بدۆزرێتەوە، بۆیە نەیتوانیوە ژمارە 100 بکات بە 101”.
یەکێکى تر لە بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى، نادەستووریبوونی مادەی نۆی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراوی عێراق، هەروەها جێبەجێکردنی دەقی پێشوو، کە بەپێی مادەی چوارەمی هەمواری سێیەمی ژمارە 47ی ساڵی 2004 هەڵوەشابووەوە، بەجۆرێک دەقی کارپێکراو ئیتر بەم شێوەیە دەبێت “کوردستانی عێراق دابەش دەکرێت بەسەر بازنەی هەڵبژاردندا، بەمەرجێک لە چوار بازنە کەمتر نەبێت”.
چوار بازنەیى و دابەشکردنى کورسى بەسەر بازنەکاندا کێشەیە؟
بە بۆچوونى د.ئیسماعیل نامیق، دابەشکردنى کورسى ئەوەى لە عێراق و وڵاتانى دونیادا بەرکارە، دەبێت کورسى بەپێى یاسا دابەشبکرێت، نە دادگا دەتوانێت کورسى دابەشبکات نە کۆمیسیۆن، لە عێراقدا کە چەندین ساڵە هەڵبژاردن دەکرێت لە یاساى هەڵبژاردنەکاندا کورسییەکان دابەشدەکرێن، کە کام پارێزگایە چەند کورسى بەردەکەوێت.
ئەو پسپۆڕەى یاساى دەستورى پێى وایە، بەربەست و رێگرى یاسایى هەیە سەبارەت بە دابەشکردنى کورسییەکان، کۆمیسیۆن رەنگە نەتوانێت کورسییەکان دابەشبکات، ئەگەر بشیەوێت دابەشی بکات لایەنە سیاسییەکان رەنگە تانە و سکاڵا لە دابەشکردنەکە بدەن.
ئارام جەمال، توێژەر و شارەزاى هەڵبژاردن، لەبارەى دابەشکردنى کورسییەکانەوە بۆچونێکى جیاوازترى هەیە، هەرچەندە لەوەدا هاوڕایە کە دەبێت دابەشکردنى کورسى بەپێى یاسا بێت، بەڵام وەک دەڵێت، ئەو 100 کورسییە دەبێت بەسەر چوار بازنەدا دابەش بکرێن، پێدەچێت هەڵەبجە پارێزگاى چوارەم بێت، لە کورسى سلێمانى ببیات، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنى ژمارەى دانیشتوانى.
لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کورسییەکان بەمشێوەیە دابەشکراون:
41 کورسى بۆ پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە
34 کورسى بۆ پارێزگاى هەولێر
25 بۆ پارێزگاى دهۆک
لێرەدا دەکرێت، بازنەى چوارەم کە هەڵەبجەیە، لە کورسى پارێزگاى سلێمانى ببات، چونکە ئەو 41 کورسییەى پارێزگاى سلێمانى هەڵەبجەشى لەسەر هەژمارکراوە.
ئەو پێى وایە، پارێزگاى هەڵەبجە، لە پەرلەمانى کوردستان یاساى بۆ دەرچووە، هەڵبژاردنەکەش بۆ پەرلەمانى کوردستانە نەک ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بۆیە ئاساییە هەڵەبجەش بکرێتە بازنەیەکى هەڵبژاردن.
بەپێى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، واتا پێش هەمووارکردنى، تێیدا هاتووە، کوردستان بەسەر ژمارەیەک بازنەى هەڵبژاردن دابەشدەکرێت کە لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، واتا جگە لە بازنەى هەولێر و سلێمانى و دهۆک، بازنەى چوارەم گەرمیان بوو، بەڵام ئێستا قسەکە لەسەر هەڵەبجەیە کە دەکرێتە بازنەى چوارەم.
نادەستوریبونى کورسى کۆتاکان دەرگا بەڕووى پێکهاتەکاندا دادەخات؟
یەکێک لە بڕیارە کاریگەرەکانى دادگاى فیدڕاڵى، کۆتاییهێنان بوو بە کورسى پێکهاتەکان کە دادگاکە بە نادەستورى بڕیارى لەسەردا، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بڕیارەکە دەرگا لەسەر پێکهاتەکان دادەخات؟
ئارام جەمال، لەبارەى پرسیارەکەوە، بەمشێوەیە وەڵامى 964ـى دایەوە،”مەرج نیە هەر پێکهاتەیەک هەبوو، کۆتاى هەبێت، لە کوردستانیش چەندین پێکهاتەى تر هەیە و لە پەرلەمان کورسیان نییە، لەوانە کاکەیى زەردەشتى، بۆیە بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى، دەرگاى لەبەردەم پێکهاتەکان دانەخستووە کە بچنە پەرلەمان، ئەوان دواى ئەم بڕیارەش بەچەند شێوەیەک دەتوانن نوێنەریان هەبێت لە پەرلەمان، دەکرێت بەیەکەوە هاوپەیمانى پێکبهێنن یان بچنە ناو لیستەکانى دیکەى هەڵبژاردن”.
هەرچى، ئیسماعیل نامیقە دەڵێت: من لەگەڵ کۆتادا نیم، چونکە لە هەرێم جیاوازى نیە لە نێوان هاوڵاتییەکاندان بنیاتنانى هەرێم لەسەر بنەماى جیاوازى نەتەوەیى و ئاینى بنیات نەنراوە و دەرفەتەکە بۆ هەمووان وەک یەکە، رەنگە ئەوە بۆ 1992 گرنگ بوبێت، چونکە ئەوکات بەربەستى هەڵبژاردن هەبوو کە 7% بوو، بەڵام چونکە ئێستا بەربەست نەماوە، کەواتا زەرورەت نەماوە ئەوانیش کۆتایان هەبێت.