بەتایبەتی بۆ دوو گەڕەکە
کفری چاوەڕێیە بایی 10 ملیار دینار قیرتاوی بۆ بکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
قەزای کفری رەزامەندیی چەند پڕۆژەیەکی قیرتاوکردنی هەیە بە بەهای 10 ملیار دینار، قایمقامی قەزاکە چووەتە لای وەزیری شارەوانی و دەڵێت، گەشبینە ئەمساڵ پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێن.
دوو پڕۆژەی گەورەی قیرتاوکردنیان هەیە کە بۆ گەڕەکەکانی ئیمام محەمەد و ئازادین و پێشتر رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانیان وەرگرتووە.
ساهر عەلی، قایمقامی قەزای کفری بە 964ـی راگەیاند، زۆر مەبەستمان بوو ئەو پڕۆژانە بخرێنە پلانی 2024 و وەزیری شارەوانی و پلاندانانیش ئەو بەڵێنەیان دا و پێیان وتووە، “ئیشەکان قەزای کفری نابێت بووەستن”.
دەشڵێت، باسی پارەدارکردنی پڕۆژەکان کران، کە لەسەر بوودجەی وەبەرهێنانی شارەوانی جێبەجێ دەکرێن.
جگە لەوانەش قایمقامی کفری چەند پڕۆژەیەکی دیکەی پێشنیار کردووە، لەناویاندا دروستکردنی بینای شارەوانی کە پێویستییەکی بەڕێوەبەرایەتییەکە و قەزاکەیە.
لە قەزای کفری 16 گەڕەک هەن و 10 گەڕەکی تا ئێستا قیرتاو یان کۆنکرێت نەکراون.