دوای سەدان ساڵ چیمان بە چی کرد؟

زمانی کوردی چۆن گەیشتە ئێرە و چۆن خۆی دەپارێزێت لە زمانە بیانییەکان؟

964+

ژووری هەواڵ

لە دامێنی چیای زاگرۆسەوە گەشەی کرد و بەدرێژایی هەزاران ساڵ بەناو مێژوودا تێپەڕی، لە چەندین سەدە و سەردەمدا رووبەڕووی لەناوچوون و لاواز بوون هات، لەسەر زمان و لەسەر تاتە قوڕەکان پێ بەپێ لەگەڵ مێژووی ئێمە هات و ئەوەی جێی نەهێشتین زمانەکەمان بوو، زمانی کوردی.

لە ژمارە 3ی رۆژنامەی کوردستان ساڵی 1898 میقداد مەدحەت بەدرخان وتارێکی نوسیوە بەناوی (ژ شامێ هاتیە) باسی پیاوێک دەکات لە شام، کاتێک رۆژنامەی کوردستانی بەزمانی کوردیی بینیوە لەسەر چاوی خۆی داناوە و ماچی کردووە.

17 ساڵ دوای ئەم نوسینەی میقداد مەدحەت بەدرخان، لەساڵی 1915حوسێن حوزنی موکریانی لە خەمی برەودان بە زمانی کوردی لە ئەڵمانیا چاپخانەیەکی کڕی و بە هەوڵی کارسازانی ئەڵمانی پیتەکانی زمانی کوردی تیا جێگرکرد و هێنایەوە بۆ حەلەب و یەکەم کتێب کە چاپی کرد مەم و زینی ئەحمەدی خانی بوو، دیوانە شیعرەیەکەی خانی لە ساڵی 1692 بە شێوەزای کرمانجی نوسراوە ئەم دیوانە ئاسۆیەکی گەش بوو بۆ پاراستنی زمانی کوردی، دوورتر لەو مێژووە باباتاهیری هەمەدانی دەبینین بە زاراوەی لوڕی سەدان چوارینی نووسی و بوو بە یەکەم بەڵگەی نوسراوی مێژووی ئێمە لە سەدەی یانزهەمینی زاینی.

ئەم کاروانە نەوەستا سەدەی رابردوو سەدەی زێڕینی گەشەسەندنی زمانی کوردی بوو، پیرەمێردی شاعیر لە ئیستانبوڵ دەگەڕێتەوە سلێمانی و رۆژنامەیەک بەناوی (ژین) دەردەکات،  هاوسەردەمی ئەو رۆژگارە هەر لەشاری سلێمانی مامۆستا نەجمەدین مەلا کەشتییەک دروست دەکات بەناوی کەشتی نوح بۆ دەرباز بوونی تاکی کورد لە لافاوی نەخوێندەواری و فێربوونی زمانی کوردی، هەر لەو ساڵانە مامۆستا شاکر فەتاح رۆژنامەیەکی دەرکرد بەناوی خورماڵ سەدان وشەی ناوچەی شارەزووری لەو گۆڤارە زیندوو کردەوە.

ئەم تەقەڵا گرنگانە نەوەستان و شاعیران و نوسەران لەرێگەی چاپی کتێب و دیوانی شیعری بەدرێژایی سەدەیەک، نوسین و زمانی کوردیان برەو پێدا، رۆژنامە و کتێبەکانیان لە وشەی بیانی پاڵفتەکرد بەڵام دوای سەدان ساڵ لە هەوڵ و کۆششی خەمخۆرانی پاراستنی زمانی کوردی ئەمڕۆ ئەو پرسیارە دێتە پێش ئەرێ بەراست ئێمە چیمان بەچی کرد؟

رۆژنامەکان کەناڵەکان پڕ بوونەوە لەو وشە و دەستەواژە بیانیانەی سەدان ساڵە دەیانگۆڕین بۆ کوردی و کەچی ئێستا بوونەوە بە وێردی سەر زمانی گەورە و بچوک.
دەچیتە خواردنەگەیەک یان کافتریایەک ئەگەر زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی نەزانیت کەس نازانێت تو داوای چی دەکەیت.

تابلۆی دوکانەکانمان گۆڕی بۆ وشە و نوسینی بیانی، خوێندنی کوردیمان فەرامۆشکرد و خوێندن بە زمانی ئینگلیزیمان کردە پێوەر بۆ زیرەکی.
پرسیارە گرنگەکە هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە ئەرێ بەراستی ئێمە چیمان بەچی کرد؟

تاوانە پیرۆزەکەی زمانی کوردی

تاوانە پیرۆزەکەی زمانی کوردی