دیمەنێک لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە لە یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندن لە سلێمانی _ وێنە: ئەرشیفی 964
بۆ هەموو پارێزگاکانە
پەروەردە شوێنی تاقیکردنەوە بەراییەکانی 12ـی ئامادەیی راگەیاند
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم شوێن و هۆڵى تاقیکردنەوە بەراییەکانی بۆ قوتابیانی قۆناغى 12ى ئامادەیی ئاشکرا کرد و دەڵێت، پێویستە قوتابیان رۆژێک پێش تاقیکردنەوە سەردانی هۆڵەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە.
بوگوێرەی ئەو لینکەی کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە ئەمڕۆوە قوتابیانی بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەتوانن شوێن و هۆڵى تاقیکردنەوەکانیان بزانن.
وەزارەتی پەروەردە داوادەکات لە رێکەوتی 2.3.2024 کە دەکاتە رۆژێک پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان، لە کاتژمێر 1:00ـی پاش نیوەڕۆ قوتابیان سەردانى هۆڵەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوون لە شوێن و ناوەکانیان.
“لەکاتی بوونی هەڵە لە زانیاری زمانی خوێندن و ئاینی قوتابی پێویستە بەزووترین کات سەردانی پەروەردەی خۆتان بکەن بۆ راستکردنەوەی زانیاریەکان”، وەزارەتی پەروەردە وا دەڵێت.
لە رێکەوتی 11.2.2024، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم خشتەی تاقیکردنەوە بەراییەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە، کە لە 3.3.2024 یەکەم تاقیکردنەوە و لە 13.3.2024ـیشدا کۆتا تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێن.