رووناک بوونەوە
کێشەى کارەباى 5 گوندى سنورى کفرى چارەسەرکرا
964+
وریا فەتاح
کێشەی کارەبای پێنج گوندى سنوورى كفری چارەسەر كرا و لەم شەوەوە کارەبا بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان بە 964ـى وت،”دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی سنووری کفری گرتەوە، کێشە لە کارەباى گوندەکانى رەحیم وەرقە و سەى حوسێن و ئاواى سالم و پیرە فەقیر و کاگولى دروستبوو، بەو هۆیەوە ماوەى دوو رۆژ بوو ئەو گوندانە بێکارەبا ببوون”.
بە وتەى وتەبێژى کارەباى گەرمیان، جگە لە کێشەى کارەباکە، بەهۆى لافاوەکەوە رێگاکانى ئەو گوندانە گیرابوون و تیمەکانیان نەیاندەتوانى بچنە شوێنەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە، بەڵام دواى ئەوەى شارەوانیى کفرى رێگاى نوێى دروست کرد، تیمەکانیان گەیشتوونەتە گوندەکان و کێشەکانیان چارەسەرکردووە.
“باران و هەورەبروسکە ببوە هۆى پچڕانى بەشێک لە هێڵەکانى کارەبا و شکانى فنجانەکان و لاربوونەوەى ستوونەکان”، وتەبێژى کارەباى گەرمیان واى وت.
دواى چارەسەرکردنى کێشەکە، لەم شەوەوە دانیشتووانى ئەم گوندانە کارەباى نیشتمانیان بۆ دەگەڕێتەوە.