104 ملیمى باران باریووە
پێباز زۆرترین بارانى لێبارى و بە کەمترین زیان رزگارى بوو
964+
وریا فەتاح
سەرەڕاى ئەوەى زۆرترین بڕى باران بارینى 24 کاتژمێرى رابردووى گەرمیان لە پێباز باریوە، بەڵام بە وتەى بەڕێوەبەرى ناحیەکە، بەهۆى ئامادەکارى پێشوەختە بە کەمترین زیان رزگاریان بووە.
عەدنان عەلى محەمە، بەڕێوەبەرى ناحیەى پێباز بە 964ى وت،”لە کاتژمێر 3:00ـى دوانیوەڕۆى دوێنێوە، ئامادەکاریمان بۆ رووبەڕووبونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو دەستپێکرد و هەموو تیمەکانى شارەوانى و بەرگرى شارستانیمان راسپارد بۆ ئەوەى لە ئەرکدابن و رێگرى بکەن لە هەر ئەگەرێک”.
بەوتەى بەرێوەبەرى ناحیەى پێباز، هەرچەندە لە 24 کاتژمێرى رابردوودا، زۆرترین بڕى باران بارینى گەرمیان بە 104 ملیم لە پێبازى باریوە، بەڵام بەهۆى ئەو پلانەى گرتویانەتە بەر، تەنیا یەک دوو ماڵ ئاویان تێچووە و توانیویانە بە باشى رووبەڕووى حاڵەتەکە ببنەوە.
“بەهۆى کاریگەرییەکانى باران بارینەکە، کێشە لە فیدەرەکانی چوار و پێنج لە سنوری چاکسازی کارەبا باوەنور دروستبوو و چەند ستونێک کەوتن، ئەمە واى کرد بۆ ماوەیەک دانیشتوانى پێباز بێ کارەبابن، بەڵام هەر ئەمڕۆ تیمەکانمان هەستان بە چاککردن و نۆژەنکردنەوە لە پێناو گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ هاوڵاتیان”، بەڕێوەبەرى ناحیەى پێباز واى وت.
وەک ئەوەى عەدنا عەلى باسى دەکات، پلانەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەگەرەکان بە شێوەیەک بووە، هەرچەندە زۆرترین باران لە ناحیەکەیان باریوە، بەڵام توانیان بە کەمترین زیان رزگاریان ببێت.