لە مێرگەسۆر

باران و هەورە بروسکە 15 گوندی ناحیەی مەزنێی بێ کارەبا کردووە

964+

ئاکام غەفور – سۆران

هەورە بروسکە و بارانی زۆر، سێ ستوونی کارەبای لە ناحیەی مەزنێ لەکارخستووە و بەهۆیەوە نزیکەی 15 گوند بێ کارەبا بوون، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران دەڵێت، بەهۆی بەردەوامی هەورە بروسکە چاککردنەوەی زەحمەتە، ئەمڕۆ کارمەندێکیان هەورە بروسکە لێیداوە، بەڵام سەلامەتە.

ئەو ستوونانەی هەورە تریشقە لەکاری خستوون سەر بە فیدەری چوارن و کارەبای گوندەکانی ناحیەی مەزنێی لەسەرە، بەڕێوبەرایەتی کارەبای سۆرانیش دەڵێت: چارەسەری دەکەین، بەڵام مەترسی هەورە تریشقە هەیە نامانەوێت ژیانی کارمەندەکانمان بکەوێتە مەترسی.

ئەردەوان ئیبراهیم بەڕێوبەری گشتی کارەبای سۆران بە 964ـی وت، “نزیکەی 15 گوندی ناوچەی دۆلەمەڕی لە ناحیەی مەزنێ بێ کارەبا بوون، بەشێک لە گوندەکان کارەبای مۆلیدەیان هەیە بەشێکیان تەنیا کارەبای نیشتیمانیان هەیە”.

وتیشی، “تیمەکانمان لەوێن بۆ چارەسەکردنی کارەبای ئەو گوندانە، هەوڵ دەدەین ئەمشەو چارەسەری بکەین، بەڵام بەهۆی هەورە بروسکە کارکردنی تیایدا زەحمەتە، لە سنوری قەزای مێرگەسۆر ئەمڕۆ کارمەندێکمان هەورە بروسکە لێیداوە، بەڵام سەلامەت بووە”.

ناحیەی مەزنێ 31 گوند لەخۆ دەگرێت، ناحیەکە سەربە قەزای مێرگەسۆرە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

هەورە بروسکە چەند شوێنێکى گەرمیانى بێ کارەبا کرد

هەورە بروسکە چەند شوێنێکى گەرمیانى بێ کارەبا کرد