هاتووچۆ ئاساییە؟
دۆخى رێگاوبانەکانى هەردوو ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و راپەڕین چۆنە؟
964+
وریا فەتاح
سەرەڕاى ئەو شەپۆلە بارانەى هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە، بەڵام ئاستەنگى هاتووچۆ بۆ رێگاکانى سنورى هەردوو ئیدارەى سۆران و راپەڕین دروست نەبووە.
964 بەدواداچوونى بۆ دۆخى رێگاوبانەکانى سنورى هەردوو ئیدارەى سەربەخۆى راپەڕین و سۆران کرد، بەپێى لێدوانى بەرپرسانى رێگاوبانى هەردوو ئیدارەکە، تا ئامادەکردنى ئەو هەواڵە، هیچ رێگایەک دانەخراوە و هیچ پردێکیش ئاو نەیبردووە.
بە وتەى، خۆسرەت سادق، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی سۆران کە بۆ 964 قسەى کردووە، سەرەڕاى بوونى بارانێکى زۆر، بەڵام رێگاکان سەلامەتن و گرفتى هاتووچۆ دروست نەبووە.
“لە سنورى سۆران هیچ رێگایەک دانەخراوە و هیچ پردێکیش ئاو نەیبردووە، ئەوەى هەیە لە سنورى مێرگەسۆر هەندێ داڕمانی شاخ روویداوە، بەڵام بە شێوەیەک نەبووە رێگا دابخات و لەلایەن تیمەکانەوە پاککراوەتەوە”، خۆسرەت سادق واى بە 964 وت.
لەبارەى رێگاوبانەکانى ئیدارەى راپەڕینیش، ئومێد حەمە، بەڕێوەبەرى رێگاوبانى راپەڕین بە 964ى وت،”خۆشبەختانە هیچ رێگایەک دانەخراوە و هیچ پردێکیش ئاو نەیبردووە، هەندێ پرد بەتایبەت پردى سەنگەسەر ئاستی ئاوی لێ بەرزبویەوە، بەڵام لەلایەن تیمەکانەوە ئاوەکە دابەشکراوە و مەترسییەکە نەماوە”.
بەهۆى ئەو شەپۆلى بارانەوە، رێگاى گۆمەسپان کە ئیدارەى راپەڕین بە هەولێر دەگەیەنێت، داخراوە و رێگاى کاتى بەنداوى گۆمەسپان ژێر ئاو کەوتووە.