لە هەندێ شەقام ئاوی زۆر کۆبووەتەوە

ئومێد خۆشناو بۆ 964: تا ئێستا لە هیچ شوێنێک لافاو دروست نەبووە

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.2.2024 پارێزگاری هەولێر ژمارەیەک داتا و زانیاری لەسەر لافاو و مەترسییەکانی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەش دا ئەمساڵ لە هەولێر تا ئێستا لافاو دروست نەبووە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هیچ زیانێکی مەترسی بۆ سەر ماڵ و هاوڵاتیان نەبووە، لە پارێزگای هەولێر، تا ئێستا بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو زیاتر باران باریوە و لە هیچ شوێنێکیش لافاو دروست نەبووە.

وتیشی: لە دووساڵی رابردوو 40 ملیار دینار لەلایان حکومەتەوە رەزامەندی لەسەردراوە، بۆ ئەمساڵیش 18ملیار و 500 ملیۆن دینار رەزامەندی لەسەر دراوە، بۆ نەهێشتنی لافاو، هەروەها 24 پۆند لە ژێرچاککردندان، بۆ نەهێشتنی تەواوی مەترسیەکانی لافاو و بەفیرۆنەدانی ئاو،

ئاماژەی بەوەش کرد، چوار بەنداو خەریکە دروست دەکرێ، بەنداوەکانی چەمرگە و ئاقوبان کۆتایی بە کارەکانیان هاتووە، بەنداوی گۆمەسپان ٪65 کارەکانی تەواوبووە.

لەسەر رێگای هەولێر- خەبات، کە کێشەیەکی زۆری بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە، بە تایبەت لەگەڵ هاتنی بارانی بەلێزمەی دوێنێ چوارشەممەوە، لە وەڵامی 964دا وتی، ئاگادارین و چاککردنی شەقامەکەش بە سێ قۆناغ دەبێت و سێ کۆمپانیا کاری تێدا دەکەن.

بۆ ئەمساڵ هیچ مەترسییەک لەسەر هەبوونی وشکەساڵی نەماوە”، ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وای وت”

دوو رۆژە شەپۆڵێکی بارانبارین رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و پێشبینی دەکرێت تا شەممە بەردەوام بێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا