سێ گەڕەک سوودمەند دەبن
کارەبای سلێمانی پرۆژەیەکی 255 ملیۆن دیناری جێبەجێدەکات
964+
ژووری هەواڵ
لە سلێمانی پرۆژەیەکی کارەبا بۆ سێ گەڕەک جێبەجێدەکرێت و بڕی زیاتر لە 255 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای شارەکەش دەڵێت، بە 150 رۆژ تەواو دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14.2.2024، سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پرۆژەکە بۆ گەڕەکەکانی مەڵکەندی، شۆڕش و هوانە، لەسەر بودجەی 8٪ـی داهاتی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی جێبەجێدەکرێت.
پرۆژەکە ئەم بڕگانە لەخۆدەگرێت:
– خستنەژێرزەوی کێبڵەکانی رێڕەوى فیدەرەکانى 31، 32، 33، 33ـی یاریدەدەر لە حەوشەى وێستگەی کارەبای مەڵکەندى.
– دەرکردنى فیدەرێکى نوێ لە وێستگەى گۆڕینى کارەباى باشور بۆ سوککردنى بارزۆرى چەند فیدەرێکى وێستگەى باشوور کە ماڵەکانی گەڕەکی هوانە سودمەند دەبن لێی.
-لابردن و گۆڕینى ئاڕاستەى رێڕەوى فیدەرى 118 و 121 لە گەڕەکى شۆڕش.
کۆی بودجهی پڕۆژهكه بریتییه له 255 ملیۆن و 325 هەزار دینار کە لهلایهن كۆمپانیای سانان جێبهجێدهكرێت و بڕیاره لهماوهی 150 رۆژدا كارهكانی تهواو بێت.
گەڕەکی مەڵکەندی دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و نزیکە لە پارکی دایک، گەڕەکی هوانە بە دووری 7 کیلۆمەتر و نیو دەکەوێت باکوری رۆژئاوای شاری سلێمانی و گەڕەکی شۆڕشیش لەنێو جەرگەی شاری سلێمانی هەڵکەوتووە.