وێنەی چەند مانگایەک لە ناو باخچەیەک.وێنە. قایمقامیەتی دەربەندیخان
هەریەکەیان 150 هەزار دینار سزای لەسەر دەبێت
لە دەربەندیخان 11 مانگا راپێچی گۆڕەپانی شارەوانی کران
میلاد جەلال – گەرمیان
لیژنەیەکی قایمقامیەتی دەربەندیخان لەناو کۆڵانەکانی قەزاکە دەستیانگرتووە بەسەر 11 مانگا کە بەڕەڵای کۆڵانەکان کرابوون، کە هاوڵاتیانیان هەراسانکردبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد ئەحمەد، بەرپرسی لیژنەی زیادەڕۆیی لە قایمقامیەتی دەربەندیخان بە 964ى وت، “لەسەر سکاڵای ھاوڵاتییان ئەو ئاژەڵانە دەستیان بەسەردا گیراوە، پێشتریش خاوەن ئاژەڵەکانمان ئاگادارکردوەتەوە کە بەو شێوەیە بەرەڵایان نەکاتە ناو کۆڵانەکان”.
ئومێد ئەحمەد دەڵێت، تاوەکو ئێستا ھیچ کەس خۆی لەو ئاژەڵانە نەکردووە بەخاوەن، ئاژەڵەکان لە گەراجی شارەوانی راگیراون.
بەگوێرەی وتەی سەرۆکی لیژنەی زیادەڕۆیی لە قایمقامیەتی دەربەندیخان بۆ هەر سەر ئاژەڵێک بڕی 150 هەزار دینار دیاریکراوە و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی رێکاری توند لەبەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی