بەم نزیکانە دەست پێدەکەن

شێخان دەبێتە خاوەن بینایەکی نوێی دادگا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە قەزای شێخان بینای دادگا زۆر کۆنە و کەڵکی نەماوە و تەمەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و تاوەکو ئیستا مامەڵەی هاوڵاتیان لەو شوێنە بەڕێدەکرێت.

ئێستا بڕیار دراوە لەلایەن پارێزگای نەینەواوە سەرەدانی شێخان بکەن و لە رووبەری دوو دۆنم زەوی بینایەکی نوێ بۆ دادگای قەزاکە دروستبکرێت.

کاڤین شێخ سەعید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وت، داوامان لە قازی نەینەوا کرد کە خۆیشی پێشتر لە قەزای شێخان دەوامی کردووە کەوا بینایەکی نوێ بۆ دادگای شێخان دروست بکریت، چونکە زۆر کۆن بووە و ئێستا رەزامەندی دراوە بۆ دروست کردنی بینایەکی نوێ بۆ دادگای قەزاکە، کە ئیدارییەن لەسەر تێچووی ئەوان پێویستە دروست بکرێت.

وتیشی،لەماوەیەکی نزیکدا لیژنەیەکی تایبەت لەلایەن پارێزگای نەینەوا کە بەشی پلان دانانن سەرەدانی شێخان دەکەن و گوژمەی پێویست بەپێی کەشفی لیژنەکە دادەنرێت و دەست بەکارکردن بۆ دروستکردنی بینای نوێی دادگا دەکرێت.

سەردار شێخ یەحیا، قایمەقامی قەزای شێخان بە 964ـی وت، پرۆژەیەکی زۆر گرنگ دەبێت مافی خەڵکی شێخانە ئەو دادگا نوێیە دروست بکرێت و هاوڵاتیانی دەورووبەری قەزاکەش دەتوانن سوودی لێ ببینن، دادگاکە بە میلاک و فەرمانبەرەکانییەوە سەر بە دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوایە.

ژمارەی دانیشتوانی قەزای شێخان 210 هەزار کەسە و 60 هەزار ئاوارەی لێیە و 107هەزار کەسیان نفووسیان لەسەر پارێزگای نەینەوایە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی