رێگاى 14 كاتژمێر بووه یه‌ك كاتژمێر
بازرگانێک یاریزانانی یانەی دهۆک بە فرۆکە دەبات بۆ بەسڕه
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
بازرگانێكى دهۆك بڕیاریدا یاریزانانى یانه‌كه‌ى به فڕۆكه بگوازێته‌وه بۆ شارى به‌سڕه بۆئه‌وه‌ى به‌شدارى له خولى نایابی عێراق بكه‌ن.
ئه‌م بڕیاره‌ى بازرگانه‌كه‌ى دهۆك دواى ئه‌وه دێت، كه ماوه‌ى 11 ساڵ یاریزانانی یانەی دهۆک بە پاس و ئۆتۆمبێل هاتوچۆیان بۆ به‌شداریكردن له یارییەکانی خولی نایابی عیراق ده‌كرد.
بازرگانه‌كه‌ى دهۆك هاندەرێکی دێرینی یانەكه‌یه‌تى و سەرجەم خەرجیەکانی فرۆکە بۆ چوون و هاتنەوەى یاریزانان و دابینكردنى هۆتیل بۆیان لە ئەستۆ گرتووه.
ئەمرۆ سێشه‌ممه، یاریزانانی یانەی دهۆک کاتژمیر 11:00 پێشنیوه‌ڕۆ، لە رێگه‌ی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو بەسڕه به‌ڕێکەوتن.
شڤان محه‌مه‌د، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ـی وت، هه‌رکاتێک خولى نایابی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چوو یاریزانەکانیان نزیکەی 10 تاوەکو 12 کاتژمیر ده‌بوایه به ئۆتۆمبێل رێگاببڕن و زۆر ماندوو ده‌بوون.
وتیشی “ئەم هەنگاوەی ئەم هاندەرە دێرینە بەرز دەنرخێنین و سوپاسی دەکەین”.
هیواخوازه نموونەی وه‌ك ئەم بازرگانە – هانده‌ره زیادببن رێگای چوونى یاریزانانیان له 14 کاتژمێره‌وه ببێته ته‌نیا یه‌ك كاتژمێر.
ئه‌م خوله نایابه‌ى بۆ یانه‌كانى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت گەڕی 14هه‌مینه لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و رۆژى پێنج شەممەى ئه‌م هه‌فته‌یه له شارى به‌سڕه ئه‌نجام ده‌درێت و یانه‌ى دهۆكیش له‌برامبه‌ر نەفت بەسڕە یارى ده‌كات.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن