ئەوانیش نۆژەنکردنەوەیان دەوێت
لە 50 گەڕەکی رانییە 12یان قیرتاو کراون
964+
پێشەوا محەمەد
شاری رانییە 50 گەڕەکی هەیە، 38یان نە قیرتاو کراون نە کۆنکرێت، سەرۆکی شارەوانییەکەی دەڵێت، ئەو 12 گەڕەکەی کراویشن پێویستیان بە چاکسازییە.
شارەکە تا بێت فراوان دەبێت و گەڕەکی نوێی بۆ زیاد دەبێت، بەڵام بە وتەی شارەوانییەکەی بوودجەی پێویستیان لەبەردەست نییە تا خزمەتگوزاریی قیرتاوکردن یان کۆنکرێت کردن بگەیەننە گەڕەکەکان.
بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانییە بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی بوودجەوە ناتوانن ئەو خزمەتگوزارییە وەک پێویست بگەیەننە گەڕەکەکان، لە کاتێکدا بە پێویستی دەزانن.
دەشڵێت، “ئەو 12 گەڕەکەش قیرەکەیان زۆر دەمێکە کراوە و ئێستا هەموویان پێویستیان بە چاکسازی و نوێکردنەوە هەیە”.
لە ئێستادا کارکردن لە کۆڵانەکانی گەڕەکی کارۆخ هەیە و وا بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا کارەکانی تەواو بکرێت.
“تێچووی کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکە نزیکەی 150 ملیۆن دینارە و پارەکەی لە لایەن خێرخوازانەوە دابین کراوە نەک شارەوانی”، ئەوە قسەی سەرۆکی شارەوانیی رانییەیە.