هۆکار چییە؟

ئەمساڵ پەتاتە کەمتر دەچێندرێت

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، لەگەڵ ئەوەى 33 هەزار دۆنم زەوى بۆ چاندنى پەتاتە ئامادەکراوە، بەڵام ئەمساڵ وەک ساڵانى رابردوو گرنگى بە چاندنى پەتاتە نادرێت.

لە قەزاکانى بەردەڕەش و شێخانى سنوورى پارێزگاى دهۆک، وەرزى چاندنى پەتاتە دەستیپێکردووە، بە قسەى محەمەد گۆران، کە جوتیارێکى سنوورەکەیە و قسەى بۆ 964 کردووە، بەهۆى ئەوەى ساڵى رابردوو پەتاتەکانیان نرخێکى کەمى کردووە، بۆ ئەمساڵ کەمتر پەتاتە دەچێنن، چونکە ترسى ئەوەیان هەیە ئەزموونى ساڵى رابردوو دووبارە ببێتەوە و بەرهەمەکانیان نەفرۆشرێت.

تەحسین گۆران، بەڕێوەبەرى بەشى کشتوکاڵى بەردەڕەش، هاوڕاى ئەو جوتیارانەیە و ئەویش بۆ 964 جەختى لەوە کردەوە، ئەمساڵ جوتیارەکان کەمتر پەتاتە دەچێنن، ئاشکراشى دەکات تا ئێستا لە کۆگان بەرهەمى پەتاتەى ساڵانى 2022 و 2023 ماوە و نەفرۆشراوە.

هاوکات بەشێک لە جوتیاران، بەرهەمى پەتاتەى وەرزى پایزەیان لە زەویەکانیان دەرنەهێناوە، ئەوەش بەهۆى هاوردەکردنى پەتاتەى ئێرانى بۆ ناو بازاڕەکانى عێراق و هەرێم.

بەپێى داتاکانى کشتوکاڵى بەردەڕەش، ساڵی رابردوو جوتیارانى قەزاکە بە رووبەرى 28 هەزار دۆنم پەتاتەیان چاندووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ  تەنیا لەسەر رووبەرى 22 هەزار دۆنم زەوى جوتیارانى قەزاکە پەتاتەکانیان دەچێنن، بەمەش بۆ ئەمساڵ شەش هەزار دۆنم زەوى کەمتر بە پەتاتە دادەچێنرێت، بەراورد بە ساڵى رابردوو.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـى وت،”ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک 33 هەزار دۆنم زەوی پەتاتە دەچێندرێت، پێشبینیش دەکەین 397 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەمان هەبێت” .

964 لە رێگەى ئەو ئامارانەى لە کشتوکاڵى دهۆکدا دەستیکەوتووە، دەزانێت کە لە ساڵى 2023 585 هەزار تۆن بەرهەمى پەتاتە لە قەزاى بەردەڕەش و شێخان بەرهەمهێنرابوون.

964دەزانیت، لە ساڵی 2023ـەوە 585 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە لە قەزایەکانی بەردەڕەش و شێخان  بەرهەم هێنرابوون، بەڵام تا ئێستاش بەشی زۆری لە کۆگاکان و ماوە ساغ نەبووەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

خواست لەسەر پەتاتەی خۆماڵی لە شاری دهۆک کەمی کردووە

خواست لەسەر پەتاتەی خۆماڵی لە شاری دهۆک کەمی کردووە