وریای منداڵەکانتان بن نەکەونە مەنهۆڵەکەی باوەشاسوار

964+

هونەر فارس – کفری

لە گەڕەکی باوەشاسواری کفری مەنهۆڵێک کون بووە ، خەڵکی ترسیان هەیە منداڵەکانیان بکەونە ناویەوە.

مەنهۆڵەکە دەکەوێتە سەر رێگەی بەنداوی باوەشاسوار، لە پشت قوتابخانەی هەڵمەتی بنەڕەتی و نزیک مزگەوتی خانەقا.

سەرکەوت پەرێشان هاوڵاتیەکی ئەو گەڕەکەیە، وێنەی مەنهۆڵەکەی بۆ 964+ ناردووە، ئەو نیگەرانە لە خزمەت نەکردنی شارەکەی و ترسی هەیە لەوەی منداڵەکانیان لە رێگەی خوێندنگە بکەونە ناو مەنهۆڵەکە.

لەوبارەیەوە، 964+ پەیوەندی بە عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری کرد و گرفتەکەی تێگەیاند، ئەویش بەڵێنی دا دوای ئەم شەپۆلە بارانە کونی مەنهۆڵەکە بگرن و چاکی بکەنەوە.