بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان: ئەم هەفتەیە کێشەی غاز لەگەرمیان نامێنێت

964+

میلاد جلال – گەرمیان

بەقسەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بێت ئەم هەفتەیە کەلارو دەوروبەری لەکێشەی نەبوونی غازدا لەخەم دەڕەخسێن.

هەفتەیەک زیاترە لەئیدارەی گەرمیان بەگشتی کێشەی نەبوونی غازی ماڵان هەیەو  بۆ نەمانی ئەو گرفتەش، گەرمیان رۆژانە پێویستی بە 4 هەزار و 500 بۆ پێنج هەزار بوتڵ غاز ھەیە.

یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە 964+ی وت، “یەکشەمە بڕی پێنج ھەزار بوتڵ غاز گەیشتۆتە کارگەکانی گەرمیان، لەمڕۆوە لەڕێگەی بریکارەکانەوە بە ئۆتۆمبێل بە گەڕەکەکاندا دابەش دەکرێت”.

ئەو غازەی یادگار فەتاح باسی دەکات نرخەکەی ھەروەک جارانەو بە ٨٥٠٠ دابەشیدەکەن، وتیشی ”لەماوەی ئەم ھەفتەیە قەیرانی غاز لە گەرمیان کۆتایی دێت”.

لەدوای پشووەکانی ساڵی نوێوە بەھۆی کێشەی تازەنەکردنەوەی مۆڵەتی بەشێک لە کارگەکانی غاز لە گەرمیان، بڕی غازی پێویستیان بەدەست نەدەگەشت و ھاوڵاتیان بە ناچاری لە بەنزیخانە ئەھلیەکان غازیان دەکڕی بە 15 هەزار دینار.