شەقامی دادگای زاخۆ. وێنە :964
هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت
300 داری لانگستروم لە زاخۆ چێندرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی شەقامی دادگای زاخۆ لەلایەن شارەوانی قەزاکەوە بە درەختی لانگستروم سەوز دەکرێت.
ئەمرۆ چوارشەممە، 7.2.2024 هۆبەی باخچە و سەوزایی لە شارەوانی زاخۆ هەڵسان بە سەوزکردنی شەقامی دادگای زاخۆ بە داری لانگسترومی گرانبەها کە نرخەکەی لە نێوان 70 بۆ 100 دۆلاردایە و بەدرێژایی هەزار و 600 مەتر.
چاندنی ئەو دارانە دوای ئەوە دێت کە هەڵمەتێکبۆ چاندنی ملیۆنێک نەمام دراوە لە زاخۆ، هەڵمەتەکەش بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش دەکرێت کە قۆناغی یەکەم لە گرد و شاخەکانی زاخۆوە دەستیپێکرد و لە هەنگاوی یەکەمدا چاندنی 10 هەزار دار راگەیندرا و تا ئێستا بەردەوامە، وە قۆناغەکانی تریش لەناو شار و پارکە گشتییەکانی زاخۆ دەکرێت.
فەلاح حەسەن، بەڕێوەبەری هۆبەی باخچە و سەوزایی لەشارەوانی زاخۆ بە 964ـی وت، “سەرقاڵی ئەوەین زاخۆ هەموو سەوز بکەین، چاندنی دار ئێستا دیارترین کار و چالاکییە لەزاخۆ ئەنجامدەدرێت و بەردەوامین تا رێژەی سەوزایی لە زاخۆ بگەیەنینە ستاندارد و زیادی بکەین”.
ئەمە لەکاتێکدایە رێژەی سەوزایی لە زاخۆ پێش راگەیاندنی هەڵمەتی چاندنی ملیۆنێک دار کەمتر بوو لە سەدا 3%، ئیدارەی زاخۆ بڕیاری داوە لەماوەی داهاتوودا گرنگییەکی زیاتر بە چاندنی دار و سەوزکردنی زاخۆ بدەن بە جورێک لە هەندێک پرۆژەی گەشتیاری کە دیارترینیان کوڕنیشەکەی زاخۆیە نزیکەی 70% سەوزاییە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی