وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی - وێنە: وەزارەتی کار و راوباری کۆمەڵایەتی لە فەیسبووک
سێ هەفتە مۆڵەتە
کاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکرێن بە ئەلیکترۆنی
964+
پێشەوا محەمەد
بڕیار دراوە کاری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکرێن بە ئەلیکترۆنی، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دوو تا سێ هەفتەی مۆڵەت داونەتێ.
بڕیارەکە بۆ ئاسانکاری ئیشوکاری هاوڵاتیان و بەڕێوەبەرایەتییەکان و باشتر راییکردنیانە.
کارزان ئەسعەد، بەڕێوەبەری هۆبەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، سیستمی ئەلیکترۆنییەکە بۆ ئەوەیە کرێکاران و ئەوانەی کاریان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە، پێشتر لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە سەرە بگرن و ئەو کاتەی بۆیان دیاری دەکرێت سەردان بکەن و قەرەباڵغی دروست نەبێت، هەروەها بێ ماندووبوونیش کارەکانیان بۆ راپەڕێندرێت.
وتیشی، “هەروەها سیستمی تاکپەنجەرەش پەیڕەو دەکرێت و مامەڵەی ئەو کەسانە لە یەک شوێن وەردەگیرێت و کارەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت و دەیاندرێتەوە”.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەیەوێت تەواوی کرێکارەکانی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەبێت و بە پێی بڕیارێکیش، هیچ کرێکارێک نابێت لە 350 هەزار دینار کەمتر موچەکەی بێت.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، تا ئێستا زیاتر لە 150 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون.