گەنمی چێندراو دەخۆن
مشک و جرج جوتیارانی گردەسێنیان هەراسان کردووە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
لە ناحیەی گردەسێن، جرج و مشکێکی زۆر داویانە بەسەر ئەو زەویانەی کە لەلایەن بەشێک لە جوتیارانی ناوچەکە بە گەنم چێندراون و بڕشتیان لە زەوییەکان بڕیوە.
زیاتر لە 15 جوتیاری سنووری ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ دەڵێن، مشک و جرج هەراسانی کردوون، چونکە چوونەتە نێو گەنمەکانیان و هەموویان خواردووە و ناهێڵن زیاتر گەشە بکەن.
عەلۆ هەرکی، جوتیارێکی گوندی نیاوکێیە لە ناحیەی گردەسێن، ئەو بە 964ی وت، “ئەم مشکانە لە داعش خراپترن بۆ ئێمە”، لە کاتی گەنمچاندندا مشک و جرج پەیدا دەبن، بەڵام ئەمساڵ ژمارەیەکی یەکجار زۆر دەرکەوتوون، کە جیاوازن لە مشکی ئاسایی و قەبارەیان گەورەیە.
جوتیارەکان لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوودا گەنمەکەیان چاندووە، دەڵێن، رۆژانە دەرمانی دژە مشک دەڕێژن، بەڵام بێسوودە و داوا لە کشتوکاڵی ئاکرێ دەکەن هاوکاریان بکات.
زەوی گوندەکانی نیاوک، تلبۆک، گۆرانک، بەدریک، پیرخۆلین، سالحیێ لە گردەسێن ئەو کێشەیان بۆ دروستبووە و جوتیاران دەڵێن هەر یەکێکیان زیاتر لە ملیۆنێک زیانیان بەرکەوتووە.
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە 964ی وت، “ئاگاداری بابەتەکەین و لیژنەیەکمان ناردووە بۆ هەموو ئەو زەوییانەی کە دەڵێن مشکی لێیە، بەڵام ئەگەری سەرەکی دەگەرێنینەوە بۆ کەمتەرخەمی جوتیارەکان، چونکە پێش چاندنی گەنم دەبێت زەوییەکە باش بکێڵدرێت و کیمیاوی برژێندرێت، دواتر لەم وەرزەی ساڵ دەبێت دەرمانی دژە مشک و جرج بەکاربهێنرێت”.
پێداچوونەوە: هاوبەش